پۆستی سەرۆکی شارەوانیی وان بۆ دەم پارتی گەڕێندرایەوە

لۆگۆی دەم پارتی
لۆگۆی دەم پارتی

K24 – هەولێر:

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا پۆستی سەرۆکی شارەوانیی وانی  بۆ عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری دەم پارتی گەڕاندەوە، دوای ئەوەی بەبڕیاری دادگا پۆستەکەی لێ وەرگیرابوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە (3ـی نیسانی 2024) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا، پۆستی سەرۆکی شارەوانیی وان بۆ عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری دەم پارتی بگەڕێنێتەوە.

لەبارەی ئەم بڕیارەوە دەم پارتی سوپاسی کۆمیسیۆنی کرد و لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، خۆڕاگری گەلەکەمان گەیشتە ئامانج.

ڕۆژی یەکشەممە (31ـی ئاداری 2024) عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری دەم پارتی بە ڕێژەی 55%ـی دەنگەکان، لە هەڵبژاردنی شارەوانیی وان سەرکەوتنی بەسەر ڕکابەرەکەی عەبدولحەت ئەرڤاس، بەربژێری ئاکپارتی بەدەست هێنا، بەڵام دادگای تورکیا لەسەر سکاڵایەکی ئەرڤاس؛ بڕیاریدا بەربژێرکردنی زێدان بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی هەڵبوەشێنتەوە. دواتر لقی وانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا پۆستی سەرۆکی شارەوانیی وانی ڕادەستی بەربژێرەکەی ئاکپارتی کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، (3ـی نیسانی 2024) عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری سەرکەوتووی دەم پارتی بۆ شارەوانیی وان، لە لێدوانێکیدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە دژی بڕیارەکەی دادگای تورکیا، لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا سکاڵایان تۆمارکردووە تاوەکو مافەکانیان بەدەست بهێننەوە.