سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەڵێنەکەی بەجێ گەیاند: "سازش لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان ناکەین"

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتنە چارەسەری بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانیان و دووپاتیشی کردەوە، هیچ کات سازش لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان ناکەن.

ڕۆژی چوارشەممە (3ـی نیسانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و هەموو ئەو هێز و لایەنانەی کردووە کە هاوکار بوون تاوەکو پێکەوە بتوانن بەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا زاڵ ببن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی کردەوە: "ئەوەی لەسەر شانی ئێمە بووە کردوومانە و هیوادارین ئەمە ببێتە قۆناغێکی نوێ بۆ ئەوەی مووچەکان لە کاتی خۆی و وەکو پێویست دابەش بکرێت".

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد: "حکوومەتی فیدراڵیی دەخەینە بەر بەرپرسیاریەتییەکی دەستووریی و ئەخلاقی کە ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە جێبەجێ بکەن بۆ دابینکردنی مووچەکان". هەروەها لەبارەی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا هیوای خواست بتوانن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بگەنە ئەنجامی باش بۆ چارەی هەموو ئەو گرفتانەی کە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ماون".

ڕۆژی سێشەممە (26ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا سوپاسی خەڵکی کوردستانی کرد بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژی و پشتیوانیی و متمانەیان بە حکوومەت و گوتی: "دەمەوێت دڵنیاتان بكەمەوە ئەوەی لە توانای ئێمەدایە دەیكەین بۆ ئەوەی ئەم كێشە و گرفتانە چارەسەر بكەین و بگەینە ئەنجامێك كە لە كۆتاییدا لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و هەموو عێراقیشدا بێت، بەبێ ئەوەی ئێمە بە هیچ جۆرێك واز لە هیچ مافێكی دەستووریی خەڵكی خۆمان بهێنین".

لە وتارەکەیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: "ئێمە هەمیشە لە وەختی خۆشیدا ڕەفیقمان زۆرە، لە وەختی تەنگانە و ناخۆشیدا خۆمان زۆر بە تەنیا دەبینین، تەنیا خەڵكی كوردستانمان لەگەڵە، ئەمەش بۆ ئێمە لە هەموو هێزێك زیاتر و پشتیوانییەكی بەهێزترە بۆ ئێمە، خوامان لەگەڵ بێ و ئێوەمان لەگەڵ بێ، منەتی كەس هەڵناگرین. هەر بۆ ئەمەش، تا ئێستا هەرچی بڕیارمان داوە كە سەخت بووە، پیاوی تەنگانە كەم لەگەڵ ئێمە وەستاوە".

دوای هەوڵە بەردەوام و پەیوەندییەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، دواجار بە ئەنجام گەیشت و لە راگەیەندراوەکەی ڕۆژی (3ـی نیسانی 2024)ـی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "لەم دوو ڕۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت".

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە باسی لەوەشکردووە: "لە ماوەی ڕابردوودا، هەوڵی زۆر دراوە کە هاووڵاتییانی هەرێم نائومێد بکرێن، بۆیە جارێکی دیکەش سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەکەم".

هەرچەندە ئەمە یەکەمجار نییە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەرگریکردن و دابینکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراق دەچێتە سەر هێل و تا گەیشتنە خاڵی رێککەوتن و بەدیهێنانی داواکاریی هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ و هەوڵدان و ناردنی شاند بۆ بەغدا، کۆڵنادات و بەردەوام دەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، لێکنزیکبوونەوەی ئەمجارەی هەولێر و بەغدا بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی مووچە بەتایبەتی دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، دوای سەردانە بەرهەمدارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ واشنتن لە (24ـی شوباتی 2024) و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی و کۆنگرێس و وەزارەتەکانی بەرگری و گەنجینە کە لە هەموو وێستەگەی کۆبوونەوەکاندا، جەختی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە لە نێویشیاندا، دابینکردنی شایستە داراییەکان و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.