سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ: بەهۆی ڕەشەبای بەهێزەوە 17 کەس بوونەتە قوربانی

شاری مۆسکۆ
شاری مۆسکۆ

K24 – مۆسکۆ:

دابەزینی پلەی گەرما و ڕەشەبای بەهێز زیانێکی زۆری بە ‌هاووڵاتییانی مۆسکۆ گەیاندووە و سەرۆکی شارەوانی شارەکەش رایەگەیاندووە: تاوەکو ئێستا دوو کەس مردوون و زیاتر لە 15 کەسی دیکەش برینداربوون.

رۆژی چوارشەممە (3ـی نیسانی 2024) سێرگی سەبیانینی، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ لە تێلگرامەکەی خۆیەوە رایگەیاند، ئەمڕۆ کەشوهەوایەکی نالەبار مۆسکۆی گرتەوە، کە لەگەڵ دابەزینی پلەی گەرما، ڕەشەبایەکی بەهێزیش هەڵیکردووە.

سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاندووە: پەستانی با زیاتر لە 21 مەتر لە چرکەیەکدا بووە و زیانی بە چەند ناوچەیەک گەیاندووە و بۆ ئەو مەبەستەش رێکاری پێویستیان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان گرتووەتەبەر.

سێرگی سەبیانینی ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای گۆڕانی کەشوهەوای شارەکە، هاووڵاتیانیان ئاگادارکردووەتە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بە پەلەش پارکە گەورەکانی شار و شوێنە گشتییەکانی دیکەیان داخستووە.

لەبارەی زیانەکانەوە، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ ئاشکرایکردووە، تاوەکو ئێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 15 کەسی دیکەس برینداربوون و خراونەتە ژێر چاودێری پزیشکی و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت.

هەروەها سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ باسی لەوەشکردووە: سەرجەم تیم و ئامێرە خزمەتگوزارییەکانی شارەکەیان خراونەتە ئامادەباشییەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ڕەشەباکە.