وەزارەتی پەروەردە: بۆ ساڵی نوێی خوێندن چاپی 19 کتێبی نوێی پڕۆگرامی خوێندن دەدرێتە قوتابییان

وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتی پەروەردە

K24 – هەولێر:

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە گۆڕانکاریکردن لە پڕۆگرامەکانی خوێندن و بۆ ساڵی نوێی خوێندنیش 19 کتێبی نوێی پڕۆگرامی خوێندن دەخاتە بەردەستی مامۆستایان و قوتابییان.

رۆژی چوارشەممە (3ـی نیسانی 2024) حەسەن سەرتیپ جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامەكانی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا تاوەکو ئێستا نزیکەی 60 کتێبی پڕۆگرامی خوێندن گۆڕانکاری تێدا کراوە و بۆ ساڵی نوێی خوێندنیش 19 کتێبی نوێ بۆ پرۆسەی خوێندن ئامادەکراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامەكانی خوێندن گوتیشی: کتێبی کوردی پۆلی دوو کە بەشێوەی ئەلیکترۆنیش ئامادەکراوە هاوشێوەی کتێبی کوردی پۆلی یەک کە ساڵی رابردوو کرایە ئەلیکترۆنی، بە هەمان شێوە کتێبی بیرکاری پۆلی یەکیش کراوە بە ئەلیکترۆنی و لە رێگەی چەند "کیو ئاڕ"ـێکەوە بۆ مامۆستایان و قوتابییان بەردەست دەبێت کە لەسەر ئاستی عێراق ئەمە یەکەمجارە کتێبی پرۆگرامی خوێندن بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئامادە دەکرێت.

حەسەن سەرتیپ جاف باسی لەوەشکرد، کتێبەکانی کوردی بۆ پۆلەکانی چوار و هەشتی بنەڕەتی و کتێبی زانست بۆ پۆلەکانی سێ و چواری بنەڕەتی و کتێبەکانی وانەی ئابووری بۆ پۆلەکانی 10، 11 و 12ـی ئامادەیی لقەکانی وێژەیی و بازرگانی و کتێبی جوگرافیا بۆ پۆلەکانی 10 و 11ـی وێژەیی و کتێبی مێژوو بۆ پۆلی 12ـی وێژەیی، لەگەڵ چەند کتێبێکی دیکەی قۆناغە جیاوازەکانی خوێندن بۆ ساڵی نوێی خوێندن بەردەست دەبن.

هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامەكانی خوێندن لەبارەی ئامادەکردنی کتێبی وانەی بیرکاری روونیکردەوە، یەکەم جارە وەزارەتی پەروەردە لە دیزاین و داڕشتنەوەی ناوەڕۆکی کتێبەکەدا، بیرکاری بەشێوەیەکی کوردانە بنەخشێنن و لەگەڵ ئاستی خوێندنی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان بگونجێت.

لەبارەی وانەی زانستیش، حەسەن سەرتیپ جاف ئاماژەی بەوەکرد، دوای گۆڕینی کتێبی زانست بۆ پۆلەکانی یەک و دووی بنەڕەتی لە ساڵی رابردوو، بۆ ساڵی نوێی خوێندن بۆ پۆلەکانی سێ و چواریش کتێبی نوێی زانست بەردەست دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامەكانی خوێندن، لە درێژەی گۆڕانکاری لە بابەتەکانی پڕۆگرانی خوێندن باسی لەوەکرد، دوو کتێبی زۆر نایاب ئەم ساڵ دەکەوێتە بەردەستی قوتابییانی پۆلی 8 و پۆلی 10، ئەویش کتێبی بابەتی دەروونزانییە.

حەسەن سەرتیپ، گوتیشی: کۆی ئەو کتێبە نوێیانە لە ساڵی داهاتوو بە پێنج زمانی جیاواز دەکەوێت بەردەستی قوتابییان و مامۆستایان، کە ئەمەش شۆڕشێکە لەم کابینەیەی حکوومەتدا کراوە، هەروەها یەکێکە لەو سەرکەوتنانەی کە وەزارەتی پەرەوەردە دەتوانێت شانازی پێوە بکات.

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی داهاتوو سەرجەم بابەتەکانی خوێندن گۆڕانکارییان تێدا دەکرت بەبێ ئەوەی هیچ تێچوویەک لەسەر قوتابییان بکەوێت، هەروەها ئەم شۆڕشە گۆڕانکارییە بەردەوام دەبێت، هەوڵیش دەدەین هەموو کتێبەکان بکەینە شێوازی دیجیتاڵی و قوتابییانمان نەجاتیان بێت لە شێوازە کۆنەکە، بۆ ئەویە بتوانن هاوشێوەی قوتابییانی وڵاتانی پێشکەوتوو هەموو خزمەتگوزارییەکیان بۆ فەراهەم بکرێت.

د
د
ر
ف