یەکێتیی ئەوروپا پێشوازیی لە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە دەکات

ئاڵای یەکێتیی ئەوروپا
ئاڵای یەکێتیی ئەوروپا

K24 - هەولێر

یەکێتیی ئەوروپا خۆشحاڵیی خۆی لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی مووچە دەربڕی و ڕایگەیاند، "رێککەوتنەکە دەبێتە هۆی سەقامگیریی".

تۆماس سایلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق ڕایگەیاند، بەو ڕێککەوتنەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، لەسەر تەرخانکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دڵخۆشن.

تۆماس سایلەر ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم جۆرە ڕێککەوتنانە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی زیاد دەکەن. یەکێتیی ئەوروپا بەردەوام هانى هەموو لایەنەکان دەدات بۆ دۆزینەوەی چارەی هاوبەش".

سایلەر ئاشکراشی کرد، لە چەند هەفتەی داهاتوو سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و ئامادەیی خۆی بۆ گوێگرتن لە هەموو لایەنەکان دووپات کردەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، 03-04-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و هەموو ئەو هێز و لایەنانەی کردووە کە هاوکار بوون تاوەکو پێکەوە بتوانن بەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا زاڵ ببن.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە : "لە ماوەی ڕابردوودا، هەوڵی زۆر دراوە کە هاووڵاتییانی هەرێم نائومێد بکرێن، بۆیە جارێکی دیکەش سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەکەم". گوتیشی، "لەم دوو ڕۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت".

پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2023 و 2024 و 2025 بە 12,67 ترلیۆن دینار دیاری کراوە، واتا لە کۆی 198 ترلیۆن دیناری بودجەی فیدراڵیی عێراق، بڕی 16 ترلیۆن دینار پشکی هەرێمی کوردستانە، بە داتا و ژمارە جگە لە کێشەی ناردنی مووچە، بەغدا کێشەی لە ناردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کە بڕەکەی 276 ملیار دینارە و کرێی گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان کە بڕەکەی زیاتر لە ترلیۆنێک دینارە، دروست کردووە.