نیوزلەندا هەوڵی رێکكەوتن لەگەڵ ناتۆ دەدات

K24 - هەولێر:

بەگوێرەی هەواڵێکی کە ئاژانسی فرانس پرێس، نیوزلەندا  ئه‌مڕۆ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندووە، كه‌ ئامادەیە ڕێککەوتنێکی نوێی هاوکاری لەگەڵ ناتۆ واژۆ بکات، لە کاتێکدا وڵاتەکە بیر لە ئاسایش دەکاتەوە لە بەرامبەر گرژییە ناوچەییەکان و پەرەسەندنی هێزی سەربازی چین.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی فرانس پرێس،  وینستن پیتێرز وەزیری دەرەوەی نیوزلەندا دوای سەردانێکی دوو ڕۆژە بۆ بارەگای ناتۆ لە برۆکسل ڕایگەیاند، لە چەند مانگی داهاتوودا لەبارەی "بەرنامەیەکی هاوبەشی و هاوکاری" لەگەڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ رێکدەکەوێن.

وەزیری دەرەوەی نیوزلەندایە بەناوی وینستن پیتێرز
وەزیری دەرەوەی نیوزلەندایە بەناوی وینستن پیتێرز

فرانسپرێس ئاماژە بەوەش دەکات، لەوەتەی سەرکەوتنی هاوپەیمانی ڕاستڕەوی ناوەڕاست لە هەڵبژاردنەکانی نیوزلەندا لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، ئەم وڵاتە زیاتر بیر لەوە کردووە، لەگەڵ هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی نزیک ببێتەوە و هاوپەیمانێتیەکەی توندوتۆڵتر بکات.

پیتێرز بە ئاژانسی فرانس پرێس راگەیاندووە، "حکومەتی نیوزلەندا بەڕوونی جەختی لەسەر هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانەکانی نیوزلەندا کردووەتەوە و ناتۆ بەشێکی گەورەیە لەو کارە."

نیوزلەندا لە ساڵی 2012ەوە هاوبەشی لەگەڵ ناتۆدا هەیە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ڕێککەوتنە نوێیەکە پەرە بە هاوئاهەنگییە ستراتیژییەکانی نێوان نیوزلەندا و ناتۆ بدات.

فرانس پرێس دووپاتیشیکردووه‌ته‌وه‌، نیوزلەندا چاوی لە بەشداریکردنە لە توێژینەوە هاوبەشەکانی ئوسترالیا و ئەمه‌ریکا و بەریتانیا سەبارەت بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و چەکی هایپەرسۆنیک و تەکنەلۆژیاکانی تر.

لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، نیوزلەندا بەشێک بووە لە هاوپەیمانی هاوبەشی هەواڵگریی پێنج چاو(FiveEyes) لەگەڵ ئوسترالیا، کەنەدا، بەریتانیا و ئەمه‌ریکا.

سەرەڕای هاوپەیمانێتی کۆنەکەی نیوزلەندا لەگەڵ ناتۆ و هاوکارییەکانی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی، نیوزلەندا هەمیشە هاوپەیمانێکی چالاک نەبووە، بەتایبەت کاتێ گفتوگۆکان سەبارەت بە پرسە سەربازییەکانەوە بووبێت.

ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە چەکی ئەتۆمی بووە هۆی ئەوەی لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا پەیماننامەیەکی بەرگری لەگەڵ ئەمه‌ریکا کە دەیان ساڵە درێژەی خایاند، بە شێوەیەکی کاریگەر رێگری لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بکرێت لەو ناوچەیە.

یارییەکی مەترسیدار

پشتبەستنی نیوزلەندا بە بازرگانی لەگەڵ چین، کە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی نیوزلەندایە -- وایکردووە ویلنگتۆن لە رێی بەکارهێنانی دیپلۆماسسیەوە هاوکات هەم لەگەل پەکین و هەمیش لەگەل واشنتۆن لە پەیوەندیدا بێت.

جۆفری میلەر، شرۆڤەکاری جیۆپۆلەتیکی زانکۆی ڤیکتۆریا لە ویلنگتۆن بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، نیوزلەندا یارییەکی مەترسیدار دەکات.

میلەر نیگەرانە لەوەی واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێی تایبەتمەند لەگەڵ ناتۆ یان پەیوەندیکردن لەگەڵ ئۆکوس (AUKUS) - هاوبەشییەکی ئەمنی سێ قۆڵی بۆ ناوچەی هیندستان و زەریای هێمن لە نێوان ئوسترالیا، شانشینی یەکگرتوو و ئەمریکا - وەک "ئاڵای سوور" لەلایەن چین سەیر بکرێت.

وتیشی: "کاتێک دێت کە ئیدی چین ئەم سیاسەتەی نیوزلەندا قەبوول نەکات و دۆخەکە بگۆرێت".

پەکین بە توندی ڕەخنەی لە پەیمانی AUKUS گرتووە. ئەم پەیمانە رێگە بە ئوسترالیا دا کە ژێردەریایی هەلگری وزەی ئەتۆمی لە هاوپەیمانەکانی وەربگرێت.

لە ئێستاوە ئاماژەکان دەردەکەون کە گرژی لەگەڵ چین دروست دەبێت. لە مانگی ئازاردا، وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی سەردانی نیوزلەندا کرد و باس لە پشتگیریکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانەوە کرد.

لە هەمان کاتدا حکومەتی نیوزلەندا ئاشکرای کرد کە گروپێکی چینی کە لەلایەن دەوڵەتەوە پشتیوانی دەکرێت لە ساڵی 2021دا سیستەمی پەرلەمانی وڵاتەکەیان هاک کردووە.

پەکین تۆمەتی هێرشی ئەلیکترۆنی ڕەتکردەوە و بە "بێ بنەما و نابەرپرسیارانە" ناوی برد.

فرانس پرێس راشیگەیاند کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو پیتێرز چاوی بە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بکەوێت.

پێدەچێت نیوزلەندا لە رێی ئەم کۆبوونەوەیەوە هەولی چاککردن و نوێکردنی جبەخانەکەی بدات و داوای هاوکاری لە ئەمەریکا بکات بۆ ئەوەی ڕاهێنانی نوێ و سەردەمییانە بە سەربازەکانی نیوزلەندا بکات.

وەزارەتی بەرگری نیوزلەندا ساڵی ڕابردوو دانی بەوەدانا کە هێزەکانیان "لە دۆخێکی گونجاودا نین بۆ وەڵامدانەوەی ئاستەنگەکانی داهاتوو".

ماریون کراوشاو دیپلۆماتکاری پێشووی نیوزلەندا ڕایگەیاندووە، کاتێک بودجەی مانگی داهاتوو ڕادەگەیەنرێت، دەبێت حکومەت خەرجییەکانی بەرگری زیاتر بکات.

ئەو خانمە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە "تەنها پێویستە بە جیهاندا بگەڕێیت بۆ ئەوەی بیر لەوە بکەیتەوە کە پێویستە زیاتر کار بکەین و خەرجی زیاتر بکەین بۆ لایەنی بەرگری".