نزیکەی دوو سەد هەزار نوێژخوێن لە مزگەوتی ئەقسا بەشداریان لە شەوی قەدر کرد
K24 – هەولێر
نزیکەی دوو سەد هەزار نوێژخوێن لە مزگەوتی ئەقسا بەشداریان لە شەوی قەدر کرد و پۆلیسی ئیسرائیلیش لە ڕێگریی کردن نائومێد بوو و بە ناچاری هێزەکانی لە دەرگاکانی مزگەوتەکە و شارەکە زیاد کرد.
فەرمانگەی ئەوقافی ئیسلامیی لە قودس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، شەوی ڕابردوو بۆ بەرز ڕاگرتنی شەوی قەدر لە 27ـەمی مانگی ڕەمەزان، سەرەڕای ڕێگرییەکان، بەڵام نزیکەی 200,000 نوێژخوێن لە مزگەوتی ئەقسا و حەوشە و دەورووبەری مزگەوتەکە بەشداری نوێژی تەراویح و بەزڕاگرتنی شەوی قەدر کرد.
شەوی قەدر هاوکات بوو لەگەڵ چوارەم و کۆتا هەینی مانگی ڕەمەزانی ئەم ساڵ، کە تاکە ڕۆژە لە هەر ساڵێکدا دەرگای مزگەوتی ئەقسا 24 کاتژمێرە بە کراوەیی دەمنێتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی ئەنادۆڵوی تورکیا لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە، لەوەتەی شەڕی حەماس و سوپای ئیسرائیل دەستی پێکردووە، ئەمە یەکەمجارە مزگەوتی ئەقسا بە ژمارە زۆرەی نوێژخوێن پڕ دەبێت.
ئاژانسەکە ئاماژەی داوە، سەرەتا پۆلیسی ئیسرائیل بە توندی ڕێگرییان لە نوێژخوێن کرد بۆ چوونە نیو مزگەوتی ئەقسا، بەڵام بە هۆی زۆری ژمارەی نوێژخوێنانەوە ناچاربوون هێزەکانیان لە قودسی کۆن و دەرگاکانی مزگەوتەکە زیاد بکەن، بە تایبەتی لە بەردەم هەردوو دەرگای ئەسبات و سیسیلە.
پێشووتر پۆلیسی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنیی ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی 3,600 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە قودسی کۆن و مزگەوتنی ئەقسا بڵاو دەکاتەوە.