ڕوانگەی سووری: سەرکردەیەکی دەستەی تەحریر ئەلشام لە هێرشێکی خۆکوژیدا کوژرا

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، سەرکردەیەکی دیاری "دەستەی تەحریر ئەلشام" کە خەڵکی عێراقە، لە هێرشێکی خۆکوژیدا کوژرا.

دەستەی تەحریر ئەلشام "بەرەی نوسرەی پێشوو"  لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "چەکدارێکی لایەنگری داعش بە پشتێنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر شێخ ئەبو ماریا قەحتانی و کوشتی".

هەروەها ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە بەیاننەمەیەکدا ڕایگەیاند، "ئەبو ماریا قەحتانی لە ناوچەی سەرمەدە لە باشووری ئیدلب کوژرا، هەروەها چوار هاوەڵیشی بە سەختی برینداربوون"، ئاماژەی بەوەشکرد، ناوی ڕاستەقینەی ئەبو ماریا "مەیسەر عەلی عەبدوڵڵا ئەلجبووری"یە، بەڵام ناسنامەی خۆکوژەکە ئاشکرا نەکراوە.

ڕوانگە ئاماژەی بەوە کرد، هیچ لایەنێک بەرپرسیارەتی خۆی لە کوشتنی ئەبو ماریا ڕانەگەیاندووە، دەشڵێت: ئەبوو ماریا دوای حەفت مانگ لەدەستگیرکردنی لەلایەن دەستەی تەحریرئەلشام، لە 7ـی ئادار ئازاد کرا، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی ئەو گرووپە.

دەستەی تەحریر شام دەستی بەسەر ڕووبەرێکی بەرفراوانی سووریادا گرتووە، کە پارێزگاکانی ئیدلب و بەشێکی حەما و حەلەب و لازقییە لە خۆ دەگرێت، قەحتانی لە 2012ەوە کەوتووەتە لیستی سزاکانی ئەمەریکا، هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا قەحتانی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لە ساڵی 2011 چووەتە سووریا لەوێ بیری قاعیدەی بڵاوکردووەتەوە پێش ئەوەی ببێتە سەرکردە لە بەرەی نوسرە.

وێنەی لای ڕاست "ئەبو ماریا قەحتانی"یە