بەریتانیا کەشتییەکی هاوکاریی لە دەریایی سپییەوە بۆ غەززە دەنێرێت

کەشتییەکی بەریتانیا
کەشتییەکی بەریتانیا

K24 - هەولێر

بەپێی بەیاننامەیەکی گرانت شاپس، وەزیری بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند، بەریتانیا کەشتییەکی ڕەوانەی دەریای سپی ناردووە، بۆ ئەوەی یارمەتی لە دامەزراندنی ڕێڕەوەیەکی دەریای "مرۆیی" لە نێوان قوبرس و کەرتی غەززە بدات.

شاپس دەڵێت: "کەشتییەکی هێزی دەریایی بەریتانیا بەرەو دەریای سپی دەڕوات بۆ پشتگیریی لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیاندنی هاوکارییە گرنگەکان بۆ غەززە."

بەگوتەی ئەو وەزیرە، "وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بڕی 9.7 ملیۆن جنەیهی ئیستەرلینی کە دەکاتە "12.3 ملیۆن دۆلار"ـی تەرخانکردووە بۆ ناردنی هاوکاریی مرۆیی و کەرەستەی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی کارپێکردنی ڕێڕەوەکە بۆ کەرتی غەززە."

کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ئیمارات، ئەمەریکا و قوبرس بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە چالاککردنی ڕێڕەوێکی دەریایی بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە بڵاوکردەوە.

لای خۆیەوە، نیکۆس کریستۆدۆلیدس، سەرۆکی قوبرس ڕایگەیاند، ئامانجی ڕێڕەوی دەریایی قوبرس خێراترکردنی گواستنەوەی هاوکارییە بۆ کەرتی غەززە و نەهێشتنی فشارە لەسەر ڕێگا وشکانیەکان.

لای خۆیەوە ڕیشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، تەواوی شانشینی یەکگرتوو تووشی شۆک بووە بەهۆی ئەو خوێنڕێژەی کە دەکرێت لە غەززە و دەڵێت، "ئێمە شۆک بووین لە ئازایەتی ئەو کرێکارە بەریتانیانەی کە خۆراک بۆ کەمدەرامەتان لە غەززە دەگوازنەوە". مەبەست لێی کوژرانی 7 کرێکارە فریاگوزارەکەی ڕێکخراوی "WCK"یە، کە سێ کرێکاری بەریتانی لەنێویاندا بووە، بەهۆی گواستنەوەی بارێک کە لە ڕێگەی کەشتییەکی قوبرسییەوە بۆهاووڵاتییانی غەززە دەگەیەنرا لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلدا کوژران.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، 2ـی نیسانی 2024، ڕێکخراوی "WCK"، کوژرانی حەوت کارمەندی ڕێکخراوەکەیانی لە کەرتی ڕاگەیاند کە ئیسرائیل بۆردومانی کردوون، ڕاشیگەیاند، کارمەندەکان خەڵکی ئوسترالیا، بەریتانیا، پۆلەندا، کەنەدا، ئەمەریکا و فەڵەستینن و دوای ئەو ڕووداوەش، تەواوی کارە مرۆییەکانیان لە کەرتی غەززە ڕاگرت.