وەزارەتی ئەوقاف: بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژن سبەی چاودێریی مانگ دەکەین

بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن سبەی چاودێری مانگ دەکرێت
بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن سبەی چاودێری مانگ دەکرێت

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕایدەگەیەنێت، بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان لە هەرێمی کوردستان، ئێوارەی سبەی دووشەممە، چاودێریی بینینی مانگ دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 07-04-2024، دیوانی وەقفی سوننی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سبەی دووشەممە، 08-04-2024، کاتژمێر 05:00ـی ئێوارە لیژنەی بینینی مانگ چاودێریی مانگ دەکات، بە مەبەستی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان.

لەلایەن خۆیەوە نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکـوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سبەی دووشەممە، پێش بەربانگ، لیژنەی بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، چاودێریی بینینی مانگ دەکات بە مەبەستی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان.

نەبەز ئیسماعیل باسی لەوەش کرد، "ئەگەر سبەی دووشەممە، بە بەڵگەوە مانگ بینرا، ڕۆژی سێشەممە، 09-04-2024، یەکەم ڕۆژی جەژنی پیرۆزی رەمەزانە؛ بەڵام ئەگەر بە بەڵگەوە نەبینرا، ڕۆژی چوارشەممە، 10-04-2024، دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژن".

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ڕەتیکردەوە بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان پشت بە هیچ وڵاتێک ببەستن و گوتی: "ناتوانین پێشبینی بکەین کەی دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان، چونکە ئەم پرسە پەیوەندیی بە شەریعەتەوە هەیە".

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە،11ـی ئاداری 2024، یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی "پیرۆز" لە هەرێمی کوردستان و زۆرینەی وڵاتە موسوڵمانەکانی جیهان دەستی پێکرد.