دادگا بڕیاری بێتاوانیی بکوژەکەی هیشام هاشمی دەرکرد!
K24- هەولێر
سینان غانم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، دادگا بەهۆی کەمیی بەڵگەوە، بڕیاری بێتاوانیی بۆ ئەحمەد کینانی دەرکردووە، کە تۆمەتبارە بە کوشتنی هیشام هاشمی، ڕاوێژکاری ئاسایشی حکوومەت.
سەرچاوەیەکی دادوەری ڕایگەیاند، کینانی لەبەردەم دادوەر ڕەتی کردووەتەوە تاوانەکەی کردبێت، ئەمەش لە دانیشتنێکی تایبەتدا بووە سەربارەت بە پێداچوونەوە بە دۆسیەکە، کە دادوەر داوای لە هاوسەری هاشمی کردووە بەڵگەی نوێ پێکەش بکات تاوەکو دۆسیەکە بەردەوام بێت.
ڕێکخراوی "دەرباز بوون لە سزا"، دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق تۆمەتبار دەکات بەوەی گروپی میلیشیاکان کۆنترۆڵیان کردووە، ئەمەش دوای دەرچوونی بڕیاری ئازادکردنی کینانی کە سەر بە گرووپی حزبوڵڵای عێراقییە، سەرەڕای دانپێدانانی بە تاوانی کوشتنەکە.
هیشام هاشمی شارهزا و توێژهری بواری هزری توندڕهوی و گرووپه تیرۆریستییهكان، لە (6ی تەمموزی 2020) له بەردەم ماڵەکەیدا لە ناوچهی زهیونهی بهغدا درایه بهر دهستڕێژی گولـله و بە سەختی بریندار کرا، دوای گهیاندنی بۆ نهخۆشخانهی ئیبن نهفیسی بهغدا به هۆی سهختی برینهكانییهوه مرد.
دوای كوژرانی هاشمی، ئاژانسی "ئەسیۆشەیتد پرێس" بڵاوی کردهوە، چەند هەفتەیەك بهر له کوژرانی، "هاشمی" بەو کەسانەی گوتووە کە متمانەی پێ کردون، دەترسێت لەوەی ئەو گرووپە میلیشیانەی ئێران پشتیوانیان دەکات، بیکوژن، هاوڕێکانی ئامۆژگارییان کردووە بچێتە هەولێر بۆ ئەوەی پارێزراو بێت.
دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی یەکەمی 2017 عێراق سەرکەوتنی بەسەر داعش ڕاگەیاند، "هیشام هاشمی" زیاتر له كارهكانیدا تیشكی خستبووە سەر ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراق، کە ئێران پشتیوانیان دەکات و دژی هەندێك لەو گرووپانە قسەی دەکرد.