یانەی دهۆك بە قورسی سزا درا

محەمەد حەمید گۆڵپارێزی قوە جەوییە لەكاتی لێدانی لە هاندەرێكی دهۆك. 31/3/2024 یاریگەی دهۆك
محەمەد حەمید گۆڵپارێزی قوە جەوییە لەكاتی لێدانی لە هاندەرێكی دهۆك. 31/3/2024 یاریگەی دهۆك

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سزایەكی قورسی بەسەر یانەی دهۆك سەپاند، بەبیانووی كۆنترۆڵ نەكردنی یاریگە و بەكارهێنانی توندوتیژی لە یارییەكەیان بەرامبەر قوە جەوییە.

یانەی دهۆك لە بەیاننامەیەكدا كە لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاوی كردووەتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە بەهۆی ئەو رووداوانەی لە یارییەكەی پێشووتریان لە نێو یاریگەی خۆیان بەرامبەر قوە جەوییە روویدا، یانەی دهۆك بە 35 ملیۆن دینار وەكو پێبژاردن سزا دراوە.

لە لایەكی دیكەیشەوە یانەی دهۆك دەبێت دوو یاریی داهاتووی لە نێو یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەكانی كەرخ و نەفتی وەسەت بەبێ هاندەر بكات.

لە بەشێكی دیكەی سزایاندا، لوكاس مۆسیس یاریزانی پیشەگەری دهۆك بە 15 ملیۆن دینار لەگەڵ سڕ كرانی بۆ 2 یاریی سزا دراوە، ئەمەش لە كاتێكدایە هێشتا بە فەرمی هیچ سزایەك بۆ جەوییە رانەگەیاندراوە.

لە گەڕی 20ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق، هەفتەی رابردوو یانەی دهۆك لە نێو یاریگەی خۆی شكستی بە یانەی قوە جەوییە هێنا، بەمەش جەوییە بۆ یەكەمجار لەم وەرزە لەسەر دەستی دهۆكییەكان تووشی شكست بوو، لە یارییەكەدا لوكاس مۆسیس لە یانەی دهۆك، ئیبراهیم باییش و محەمەد حەمید لە قوە جەوییە كارتی سووریان بەڕوویدا بەرز كرایەوە.

.
.