دیوانی چاودێری دارایی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی مووچە هیچ پاساوێکی بۆ بەغدا نەهێشتەوە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

بە ھەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سازشنەکرنی لەسەر مافە دەستووری و یاساییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، وایکرد حكوومەتی فیدراڵ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان خەرج بکات و ھەر لەسەرەتاشەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نیازپاکی خۆی پیشاندا بۆ وردبینی لە دۆسیەکانی فەرمانبەران و دیوانی چاودێری دارایی ھەموو ئامادەکارییەکی بۆ ئەو بابەتە کرد تاوەکو بەغدا ھیچ پاساوێكی نەمێنێت.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پرسی مووچەی فەرمانبەراندا ھیچ بیانوویێکی بۆ حكومەتی عێراق نەھێشتەوە، ئەمەش حكومەتی فیدراڵی ناچار کرد مووچە بنێرێت. لەسەر داواکاری سەرۆکوەزیرانیش دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان، ڕۆژانە پێداچوونەوەیان دەکرد بۆ لیستی مووچە و وردبینی لە لیستی فەرمانبەران.

محەممەد زراری گوتەبێژی دیوانی چاودێری دارایی دەڵێت سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خۆڕاگر بوو سازشی لەسەر مافەکانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان نەكرد و گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو بیانووەکانی بەغدای بڕی و دەستکەوتێکی گەورەیە کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، دوو مووچە دابەش بکرێت و ئامادەکاریش بۆ مووچەی مانگی چوار بکرێت.

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوودا، بەردەوام جەختی لەوە دەكردەوە كە سازش لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان ناكات و حكوومەتی عێراقیش دەبێت بەگوێرەی یاسا و دەستوور مامەڵە بكات و پابەندی رێككەوتنەكان بێت.

بەڕای شارەزایانی ئابووری، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھیچ بیانوویەكی بۆ حكومەتی فیدراڵ نەھێشتەوە و ئەمەش وایكرد كێشەكان چارەسەر بكرێت. لەوبارەیەوە، . ئەرشەد حاجی سدیق، شارەزای ئابووریی رایگەیاند: بە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووریی راسپارد بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و ئامادەکاری بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی ئادار و مانگەکانی  دواتریش، وەزارەتەکە لە ماوەی هەفتەیەکدا، مووچەی مانگی شوباتی دابەشکردن و لیستی مووچەی مانگی ئاداریشی ئامادەکرد و ناردە بەغدا.

دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە رۆژی شەممە (30ـی ئاداری 2024) دەستیپێکرد و لە رۆژی پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) کۆتایی بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە هات.

هەروەها رۆژی شەممە (6ـی نیسانی 2024) پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار دەستپێدەکات و بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، پێش جەژنی رەمەزان مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت. لە هەمان کاتیشدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشی ژمێریاری سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەتی راسپاردووە بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی نیسان بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا لە دوای جەژنی رەمەزان، رەوانەی بەغدای بکات.

هاوکات رۆژی چوارشەممە (3ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت".