دلێر عەبدوڵڵا: سبەی مووچەی وانەبێژان خەرج دەکرێت

دلێر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر
دلێر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر رایگەیاند، چەکی مووچەی وانەبێژانیان وەرگرتووە و سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچەکانیان دەکرێت.

دلێر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر رایگەیاند، بڕیارە سبەی دووشەممە مووچەی وەزارەتی پەروەردە بە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانەوە بۆ مانگی ئادار دابەشبکرێت.

سەبارەت بە شایستەی دارایی وانەبێژان ئاماژەی بەوەکرد: ئەمڕۆ یەکشەممە چەکەکانیان وەرگرتووە و سبەی دووشەممە مووچەی مانگی یەکی 2024ـیان بۆ خەرج دەکرێت.

رۆژی چوارشەممە (3ـی نیسانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە زووترین کات و پێش جەژنی رەمەزان، شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ خەرج بکرێت.

نزیکەی 35 هەزار و 550 وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان هەن. مانگانه‌ 13 ملیار و 200 دینار وەکو شایستەی دارایی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆیان تەرخانکراوە. مووچەی ئەو وانەبێژانەی بڕوانامەی بەکالۆرۆیسیان هەیە، 400 هەزار دینارە و و ئەوانەی بڕوانامەی دبلۆمیشیان هەیە، 350 هەزار دینارە.