ئیسرائیل: بەرامبەر حزبوڵڵای لوبنانی دەچینە قۆناغی هێرشبردنەوە

ژمارەیەک چەکداری حزبوڵڵای لوبنانی (وێنە: REUTERS/Ali Hashisho)
ژمارەیەک چەکداری حزبوڵڵای لوبنانی (وێنە: REUTERS/Ali Hashisho)

K24 - هەولێر

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەمەودوا بەرامبەر حزبوڵڵای لوبنانی دەچنە قۆناغی هێرشبردنەوە و، وەڵامی تووندی گرووپەکانی نزیک لە ئێران دەدەنەوە.

پێگەی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بەرامبەر دەستدرێژییەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی لە دۆخی بەرگریکردنەوە دەچنە دۆخی هێرشبەرییەوە.

پێگەی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش داوە، فەرماندەیی باکووری ئیسرائیل ئامادەکارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی حیزبوڵای کۆتاییپێهێناوە، بەم زووانە وەڵامی توندی ئەو گرووپە چەکدارەی نزیک لە ئێران دەدەنەوە.

باسی لەوەش کردووە، لە ماوەیەکی کەمدا توانیویانە سەرباز، چەک و کەرەستەی پێویستی لۆجیستی بگەیەننە بەرەی باکووری ئیسرائیل دژ بە حیزبوڵڵا.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی پێکدادانە پچڕ پچڕەکانی حیزبوڵڵا و ئیسرائیلەوە لە شەش مانگی رابردوودا، 236 چەکداری حیزبوڵا و 70 هاووڵاتیی سڤیلی لوبنانی کوژراون. لەبەرامبەردا 10 سەربازی ئیسرائیلی و هەشت هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژراون.