70 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری حەشیش لەماڵی سەرۆک شارەوانییەکی فەڕەنسا دەستی بەسەرداگیرا

جەمیلە حەبناوی، سەرۆک شارەوانی ئەڤاڵۆن لە فەرەنسا
جەمیلە حەبناوی، سەرۆک شارەوانی ئەڤاڵۆن لە فەرەنسا

K24- هەولێر

بەرپرسانی فەرەنسا ڕایانگەیاند، هێزە ئەمنییەکان، سەرۆکی شارەوانی و دوو برایان لە شارۆچکەیەکی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان دەستگیرکردووە، دوای ئەوەی دەستیان بەسەر 70 کیلۆگرام حەشیش لە ماڵەکەیدا گرتووە.

"هوگ دی ڤیل" داواکاری گشتی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵ و شوێنی کارەکەی ئەو سەرۆک شارەوانییە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لەبارەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەو شارۆچکە بچووکەدا دەستیپێکردووە، دەستگیرکراوە.

داواکاری گشتی ڕوونیکردەوە، لێکۆڵەران ماڵی جەمیلە حەبساوی سەرۆک شارەوانی ئەڤاڵۆن لە فەڕەنسا، و باڵەخانەی شارەوانیان پشکنیوە، بەڵام بڕی ئەو ماددە هۆشبەرەی لە ماڵەکەیدا دۆزراوەتەوە دیاری نەکردووە.

بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار لە لێکۆڵینەوەکە بە ئاژانسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر لانیکەم 70 کیلۆگرام حەشیش لە ماڵی ئەلحەبساویدا گرتووە.

بەپێی ئاماری داواکاری گشتی، بە گشتی لەسەر دۆسیەکە حەوفت کەس دەستگیرکراون، کە لەنێویاندا ئەلحەبساوی و دوو برای تێدایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوەکە بووەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی 983 گرام کۆکاین و حەفت هەزار یۆرۆ بە کاش و نزیکەی 20 قالبی زێڕیش.

هێزە ئەمنییەکان ئەم هەڵمەتەیان لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ نەهێشتنی پەرەسەندنی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە شار و شارۆچکەکانی فەرەنسا ئەنجامداوە.