کەسانی دەمارگیر زووتر تووشی شێرپەنجە دەبن

K24 - هەولێر

دکتۆر یەڤگێنی چێریەموشکین پزیشکی شێرپەنجە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی news.ru ڕایگەیاند، کەسانی دەمارگیر زیاتر لە کەسانی دیکە تووشی شێرپەنجە دەبن.

بەگوتەی ئەو، 'فشاری دەروونی دەبێتە هۆی دروستبوونی وەرەمی شێرپەنجەیی. هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی سیستەمی بەرگری لەش. بۆیە ئەگەر مرۆڤ لە حاڵەتی فشاری دەروونیدا بوو، بە تێپەڕبوونی کات سیستەمی تایبەت لە لاشەدا ناهاوسەنگ دەبن".

ئەو پزیشکە دەشڵێت: "فشاری درێژخایەن یان فشاری دەروونی کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت، دەبێتە هۆی لاوازبوونی سیستەمی بەرگری لەش، کە بە سیستەمی بەرگری سەرەتایی دادەنرێت. ڕێگری دەکات لە دەرکەوتنی خانەکان کە توانای گۆڕینی بۆ گرێیان هەیە. بۆیە فشاری دەروونی بە هۆکارێکی ناڕاستەوخۆ دادەنرێت بۆ دروستبوونی شێرپەنجە. لەسەر بنەمای ئەمەش کەسانی دەمارگیر زیاتر تووشی شێرپەنجە دەبن.

ئەو پزیشکە ئاماژە بەوەش دەکات دابەزینی کێش و ماندوێتی و لاوازی بە شێوەیەکی ڕوون دیاری نەکراوە،بەڵام ڕەنگە نیشانەکانی شێرپەنجە بن. لەبەرئەوەی بەزۆری وەرەمەکان لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا گەشە دەکەن بەبێ ئەوەی نیشانەیان هەبێت، خۆپاراستن لەم بوارەدا زۆر گرنگە.

ئەو پسپۆڕە پێشنیاری ئەوە دەکات کە گرنگی تایبەت بەو ئەندامانە بدرێت کە لەڕووی ئامارییەوە زۆرترین ئامادەیی بۆ وەرەم هەیە، وەک پێست و سییەکان و ڕیخۆڵەکان، چونکە یەکەم کەسن کە ڕووبەڕووی هۆکاری ژینگەیی نەرێنی دەبنەوە.