ڕۆژنامەیەک پلانێکی ترەمپ بۆ کۆتایهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بە نهێنی بە کەسانی نزیکی خۆی ڕاگەیاندووە، دەتوانێت کۆتایی بە شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا بهێنێت بە فشارخستنە سەر کیێڤ بۆ ئەوەی دەستبەرداری هەندێک لە خاکەکەی بێت.

بە گوتەی ئەو کەسانەی کە ڕۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بە نیازە چاو پۆشی لە پێشێلکردنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان بکات کە ڤلادیمێر پوتین، ئەنجامیداوە.

ئەو کەسانەی کە لەگەڵ ترەمپ باسی ئەو بابەتەیان کردووە، بەبێ ئەوەی ڕۆژنامەکە ناویان ئاشکرا بکات ڕایانگەیاندووە، بەپێی "پێشنیارەکەی ترەمپ" ئۆکرانیا نیمچە دوورگەی کریما و ناوچەی سنووری دۆنباس دەداتە ڕووسیا.

ڕۆژنامەکە بڵاویشی کردووەتەوە کە ئەم ڕێگایە پێشتر ئاشکرا نەکرابوو، "تا ڕادەیەکی زۆر ڕەنگدانەوەی سیاسەتی جۆو بایدن دەبێت، کە تیشکی خستۆتە سەر کەمکردنەوەی دەستدرێژی ڕووسیا و پێشکەشکردنی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا".

ئاندری یەرماک، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند، پێویستە کۆمارییەکانی ئەمەریکا و کاندیدەکەیان بۆ کۆشکی سپی دۆناڵد ترەمپ، لەبیریان بێت کە ئەوان لە حزبی ڕۆناڵد ڕیگانن و پشتگیری ئۆکرانیا دەکەن، لەکاتێکدا هێزەکانی ڕووسیا خۆی ئامادە دەکات لە مانگی ئایار یان حزەیران هێرشێکی گەورە و فراوان بکات.