فەرمانی لێکۆڵینەوە لە دژی ئیلۆن ماسک دراوە

ئیلۆن ماسک، خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس
ئیلۆن ماسک، خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس

K24 - هەولێر

دادوەرێکی بەڕازیلی فەرمانی کردنەوەی لێکۆڵینەوەی لە دژی ئیلۆن ماسک دەرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی خاوەنی پلاتفۆرمی "X"ئەو دادوەرەی تۆمەتباری کرد بە "خیانەتکردن لە دەستوور".

ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند، ئەلێکساندەر دی مۆراس، دادوەری دادگای باڵای بەڕازیل بڕیاریدا لێکۆڵینەوەیەک لە دژی ماسک بکرێتەوە، ئەویش بە گومانی "قۆستنەوەی پلاتفۆرمی ئێکس بۆ مەبەستی تاوانکاری".

هەروەها دادوەرەکە هۆشداریدا بە "پلاتفۆرمی ئێکس لە دەرئەنجامەکانی سەرپێچینەکردنی هەر فەرمانێکی دادوەری، لەوانەش بە چالاککردنەوەی هەر ئەکاونتێک کە دادگای باڵا بڕیاری قەدەغەکردنی دەرکردبێت"، و ئەگەر نا بەپێی سزای غەرامەکردن بە بڕی 100 هەزار ڕیاڵی بەڕازیلی (نزیکەی 18,300 یۆرۆ) بۆ هەر ئەکاونتێک چالاککرابێتەوە سزا دەدرێت.

لە ساڵانی ڕابردوودا هەر ئەم دادوەرە بڕیاری قەدەغەکردنی ئەکاونتەکانی "X" دەرکرد بە تۆمەتی ئەوەی هەندێکیان زانیاری چەواشەکارانەی بڵاوکردووەتەوە.

دادوەرەکە لە یاداشتێکدا کە دەرچووە نووسیویەتی، "تۆڕەکانی سۆشیال میدیا ناوچەی بێ یاسا نین!". ئەم هەنگاوە لە وەڵامی زنجیرەیەک هێرشی ماسکەوە هات بۆ سەر دادوەر.

ئەو ملیاردێرە ئەمەریکییەی خاوەنی تێسلا و سپەیس ئێکسیشە، دەڵێت: "ئەگەری ئەوە هەیە هەموو داهاتەکانمان لە بەرازیل لەدەست بدەین و ناچار بین لەوێ ئۆفیسەکانمان دابخەین، بەڵام پرەنسیپەکان گرنگترن لە قازانج".

ڕۆژی یەکشەممە، مەسک هێرشی بۆ سەر دادوەرەکە دەستپێکرد و تۆمەتباری کرد بەوەی "بە بێئەدەبیانە و چەندین جار خیانەت لە دەستووری بەڕازیل و گەلەکەی کردووە" و داوای کردووە ئەو دادوەرە "دەست لەکاربکێشێتەوە یان لە کارەکەی دووربخرێتەوە".