سوودانی داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان دەکات

سوودانی لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان
سوودانی لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای چارەکردنی کێشەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان دەکات.

ڕۆژی دووشەممە (8ـی نیسانی 2024) نووسینگەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەتەوە و هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر هەوڵ و ڕێکارەکانی کۆمیسیۆن سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە.

هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کردووە ئەو کێشانە چارە بکرێن کە دەبنە کۆسپ لەبەردەم ڕێکارەکانی کۆمیسیۆن و گفتوگۆ لەسەر میکانیزمە یاساییەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە کراوەتەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، محەممەد شیاع سوودانی داوای کردووە بەجۆرێک زەمینەسازی بکرێت هەڵبژاردن بتوانێت هەڵگری خواستی گەلی کوردستان بێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی (6ـی نیسانی 2024) سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ پابه‌ندیی حكوومه‌تی فیدراڵ کرده‌وه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و به‌پیره‌وه‌چوونی داواكاریی هاووڵاتیان له‌ هه‌موو عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌‌، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێویستیی پشتگیریی دامه‌زراوه‌ فیدراڵییه‌کان و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

هەروەها ڕۆژی (3ـی نیسانی 2024) لە سەڵاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق كرد وپلاسخارت پێشنیازیشی كرد بۆ بابەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، تیمێكی نەتەوەیەكگرتووەكان هاوكار بن بۆ چارەكردنی ئەو كێشە تەكنیكییانەی كە پارتی تێبینیی لەسەریان هەیە و  ئاماژەشی بەوە دا كە ئاگاداری ئەوەیە كە دوو ساڵە پارتی ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە كاتی خۆیدا و ئێستاش لە نیگەرانییەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێ دەگەن و جەختیشی لە پێویستیی بەشداریی پارتی لە هەڵبژاردن كردەوە و ڕاشیگەیاند كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە بێ پارتی پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت.

دوای ئەوەش لە ڕۆژی (7ـی نیسانی 2024) هەریەکە لە هێمن هەورامی و ئامینە زیکری، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی و جەعفەر ئیمینکی و ئەندامانی بەشی هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی، لەگەڵ شاندێکی یونامی بە سەرۆکایەتی کۆلدیا کۆردۆن، جێگری جینین پلاسخارت بۆ کاروباری سیاسی و هەڵبژاردنەکان و ئەندامێتی پسپۆرانی یونامی بۆ کاروباری هەڵبژاردن، کۆبوونەوە و شاندی یونامی جەختیان لەگرنگی و بایەخی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی جێ متمانەی هەمووان و بەشداری هەمووان کردەوە و رایانگەیاند بە پەرۆشن بۆ ئاگاداربوون لە وردەکاری سەرنج و تێبینی و بۆچوونەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە: "بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".

ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە ڕۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەش، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی کریستیان و تورکمان (جگە لە بەرەی تورکمانی)، بڕیاریاندە بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.