ماتیۆ میلەر: ئەمەریکا پشتیوانیی لە کوردستانێکی بەهێز و خۆڕاگر دەکات

ماتیۆ میله‌ر، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
ماتیۆ میله‌ر، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای هاوئاهەنگیی ئەمەریکا و عێراق کرد و ڕایگەیاند: نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە گفتوگۆکاندا بەشدار دەبن.

ڕۆژی دووشەممە (8ـی نیسانی 2024) ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئەمەریکا پشتیوانیی لە کوردستانێکی بەهێز و خۆڕاگر لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵیی سەقامگیر و سەروەر و پارێزراو دەکات.

ماتیۆ میلەر گوتی: "کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای هاوئاهەنگیی ئەمەریکا و عێراق دوو شەممەی داهاتوو، تیشک دەخاتە سەر کارە لە پێشینە دووقۆڵییەکانمان و پەیوەندیی فراوانی نێوان هەردوو وڵات، لە نێویشیاندا سەربەخۆیی وزە، چاکسازیی ئابووری، دابینکردنی خزمەتگوزاریی بۆ خەڵکی عێراق و بەهێزکردنی دیموکراسی لەگەڵ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی پەروەردە و فەرهەنگ.

هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد: "داوا لە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین هەوڵەکانیان دووهێندە زیاد بکەن بۆ چارەکردنی کێشە لەمێژینەییەکان، کە سوودی ئابووریی بۆ هەموو عێراقییەکان هەبێت".