لە نەجەف باری نائاسایی تەندروستی ڕاگەیەندرا

K24 – هەولێر

شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین پارێزگای نەجەفی باشووری عێراقی گرتووەتەوە و بە هۆیەوە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی پارێزگاکە باری نائاسایی تەندروستی ڕاگەیاند.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی بڵاویکردووەتەوە، عەبدوڵڵا غەزالی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی نەجەف لە ڕاگەیەندراوێکدا تەواوی ناوەندە تەندروستییەکانی پارێزگاکەی خستووەتە ئامادە باشی بۆ فریاکەوتنی هاووڵاتییان لە حاڵەتی تێکچوونی تەندروستییان بە هۆی خۆڵبارینەوە.

بەڕێوەبەرە گشتییەکە داوای کردووە بە شەکانی فریاکەوتن، تەواوی ئۆتۆمبێل و ئامێرە فریاگوزارییەکان، لە نێویاندا بڕی ئۆکجسینی پێویست ئامادە بکرێن بۆ چارەکردنی ئەو کەسانەی نەخۆشی ڕەبۆ و تەنگە نەفەسیان هەیە.

دوو ڕۆژە شەپۆلێکی خۆڵبارین باشووری عێراقی گرتووەتەوە و سەرەتای شەپۆلە لە پارێزگای دیوانییەوە دەستی پێکردو دواتر گەیشتە پارێزگای نەجەف.