21 ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعس دا تێدەپەڕێت

K24- هەولێر

21 ساڵ بەسەر رووخانی رژێمی بەعس تێدەپەڕێت بەڵام شوێنپەجەی تاوانەکانیی بەسەر گەلی کوردستاندا ماوە، رژێمی بەعس چەندین تاوانی وەک ئەنفال و کیمابارانکردن و وێرانکردنی گوندو ئاواییەکانی دژ بە گەلی کوردستان ئەنجامدا، لەدوای 2003ەوە، وێڕای ئەوەی دادگای باڵای تاوانەکان و پەرلەمانی عێراق تاوانەکانی رژێمی لەناوچوویان بە جینۆساید ناساند، بەڵام تاوەکو ئێستا خەڵک و هەرێمی کوردستان قەرەبووی زیانەکانیان نەکراونەتەوە.

21 ساڵە رژێمی بەعس رووخاوە،  بەڵام جێپه‌نجه‌ی تاوانەکانی بەعس لە یادەوەری گەلی کوردستانیان و لە جوگرافیای هەرێمی کوردستاندا هەر ماوە، 36 ساڵ بەر لە ئێستا رژێمی بەعس چەندین تاوانی وەک شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ‌‌هەڵەبجە و بێسەروشوێنکردنی بارزانییەکان ئەنجامدا، وێڕای ئەوەی دادگای باڵای تاوانەکان و، پەرلەمانی عێراق لە دەیەی رابردوودا تاوانەکانیان وەکو جینۆساید ناساند بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان و زیانەکانی هەرێمی کوردستانیان نەکردووەتەوە.

زیانە گیانییەکانی تاوانەکانی رژێمی بەعس دژ بە گەلی کوردستان بریتین لە قۆناغەکانی ئەنفال کە رژێمی بەعس لە رێگەی هەشت قۆناغی یەک لەدوای یەک لەنێوان 22ـی شوباتی ساڵی 1988 دەستیپێکرد،  لە 6ـی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا هەر هەشت قۆناغی جێبەجێکرد کە زیاتر لە 182 هەزار لەژن و منداڵ و گەنج و پیرو پەککەوتەی کوردی زیندە بەچاڵکرد.

هەروەها لە 16ـی ئاداری ساڵی 1988 حکوومەتی بەعس هەڵەبجەی كیمیابارانکرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە 5 هەزار کەس شه‌هیدبوون.

رژێمی بەعس لەو ماوەیەدا هەزاران گوند و شارەدێ و هەزاران مزگەوت و قوتابخانەو دەیان کڵێسای کوردستانی خاپوور کرد، رەزو باخ و کێڵگەکانی جووتیارانی سوتاند و کانیاوەکانی تەقاندەوە و بنەماکانی ژیانی لەناوبرد، لەدوای ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی بەعس هیچ کام لە حکوومەتەکانی عێراق پابەندی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی خەڵکی کوردستان نەبوون.

هەروەها 49 ساڵ لەمەوبەر رژێمی بەعس بڕیارنامەی 795ـی ئەنجوومەنی  سه‌ركردایه‌تی شۆرش و بڕیاری ژمارە 358ـی لە ساڵی 1978 دەرکرد بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی بە عەرەبکردن لەپارێزگاکانی کەرکووک و چەند ناوچەیەکی کوردنشین لە سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا ، بە سەدان هەزار خانەوادەی کورد ناچار بە دەرپەڕاندن دەکات و هاووڵاتیانی عەرەب لەشوێنیان نیشتەجێ دەکات. دوای پرۆسەی ئازادی عێراق هاوکات جێگیرکردنی ماددەی 140 لە دەستووری هەمیشەیی عێراق ، کە بەگوێرەی ماددە یاساکە دەبێت، ئاوارەکانی کورد بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و،بڕیاری پێدانەوەی موڵکەکانیان دەربکرێت و لەقۆناغی کۆتاییدا ریفراندۆم لەسەر یەکلاییکردنەوەی کێشەی  ئیداری و سیاسی ئەو ناوچانە لە نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە وێڕای ئەوەی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق پابەندی چارەسەری دەستووری نەبوون هاوکات درێژەیان بە سیاسەتی تەعریبکردن لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دا.