فەرەنسا داوای سەپاندنی سزا بەسەر ئیسرائیل دا دەکات

K24 - هەولێر

ستیڤان سیگۆڕنێ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، پێویستە فشار لە ئیسرائیل بکەین و سزای بەسەردا بسەپێنین، تاوەکو دەروازە سنوورییەکان دەکاتەوە بۆ چوونە ژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی ئاداری 2024، ستیڤان سیگۆڕنێ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، "دەبێت ئامرازی فشار هەبن، و چەندین ڕێگەش هەبن، لەوانەش سزا، بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت هاوکارییە مرۆییەکان لە خاڵەکانی پشکنیندا تێپەڕن".

ئاماژەی بەوەشکرد، "فەرەنساش یەکەم وڵاتە کە پێشنیاری ئەوە دەکات یەکێتی ئەوروپا سزا بەسەر دانیشتوانی ئیسرائیلدا بسەپێنێت، کە کردەوەی توندوتیژی لە کەناری ڕۆژئاوا ئەنجام دەدەن." ئەگەر پێویستیش بکات بەردەوام دەبین تا وەکو هاوکاری مرۆیی بهێنینە ناوەوەی غەززە.

ئەو لێدوانەی وەزیرەکەی فەرەنسا لەکاتێکدایە، کە فشارێکی زۆر لەسەر حکوومەتی ئیسرائیل هەیە تاوەکو ڕێگە بدات هاوکارییە مرۆیەکان بگاتە دەست دانیشتوانی کەرتی غەززە. کە دوای شەش مانگ شەرکردن، خەڵکی غەززە ڕووبەڕووی برسێتیەکی مەترسیدار بوونەتەوە.

دوای کوژرانی حەفت کارمەندەکەی ڕێکخراوی "وۆرڵد سەنتەر کیچن" لەلایەن ئیسرائیلەوە، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، هەردوو بەندەری "ئەسدود و ئێرز" بۆ گوستنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان دەکرێنەوە، تاوەکو دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە بەرەو باشی بڕوات.