هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا؛ دەم پارتی دەستوورێکی دیموکراتی و ئاکپارتیش دەستوورێکی مەدەنی داوا دەکەن

دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا لە (2023/6/2) - وێنە: AA
دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا لە (2023/6/2) - وێنە: AA

K24 – هەولێر:

پرسی هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا دەبێتە ڕۆژەڤی تورکیا و لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی کۆتایی مانگی ڕابردووش جارێکی دیکە ئەم پرسە لەلایەن لایەنە سیاسییە براوەکان باس دەکرێتەوە و دەم پارتیش ئامادەیی نیشاندا لەپێناو نووسینەوەی دەستوورێکی نوێی دیموکرات کار بکات.

ڕۆژی سێشەممە (9ـی نیسانی 2024) تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند، پێویستە قۆناغێکی نوێ بۆ کورد دەست پێبکات و شەڕ و پێکدادانەکان و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان بوەستێندرێن.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە: توانیویانە لە باکووری کوردستان سەرکەوتن بەدەستبهێنن و لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و رۆژئاوای تورکیا بوونەتە ژمارەیەکی بەهێز لە هاوکێشەکان و ڕایگەیاند: "ئەنجامی هەڵبژاردنەکان وەک ئاماژەیەک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبیندرێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا کە لە (31ـی ئاداری 2024) بەڕێوەچوو، دەم پارتی توانی شارەوانی 10 پارێزگا بەدەست بهێنێت.

بانگەوازی ئەردۆغان بۆ نووسینەوەی دەستوور

ڕۆژی (1ـی تشرینی یەکەمی 2023) ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆککۆماری توركیا لە دەستپێکی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی تورکیا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پێکەوە کاربکەن بۆ نووسینەوەی "دەستوورێکی مەدەنی".

هەروەها دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیا (مەهەپە) لە (3ـی تشرینی یەکەمی 2023) لەمیانی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: "مەهەپە بە دەقێکی 100 ماددەیی ئامادەیە بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێ و دەبێت هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەم پرۆسەیەدا بەشداربن، دەستووری کودەتا شایستەی تورکیا نییە".

پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، جەهەپە و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکەی تورکیا دژی هەمواکردنەوەی دەستوور لێدوانیان دەدا و باسیان لەوە دەکرد: "دەسەڵات دەیەوێت بە پرسی گۆڕینی دەستوور، كێشە هەنووكەییەکان لەبیر خەڵك بباتەوە"، بەڵام لە دوای 31ـی ئادارەوە کە جەهەپە بووە هێزی یەکەمی تورکیا لە ڕووی دەنگەوە، بۆیە لە پرسی ورووژاندنی دەستووردا چاوەڕێ دەکرێت بە توندتر لە پێشتر گۆڕانکاری لە دەستوور ڕەتبکاتەوە.

پێشتریش هەر یەکە لە عەلی باباجان، سەرۆکی دەڤا پارتی و ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە هەڵوێستی خۆیان لەبارەی هەموارکردنەوەی دەستوور ڕاگەیاندووە کە مەرجی ئەوان تەنیا بەشداری پێکردنیانە لەو پرۆسەیە، هەروەها ئیی پارتیش بە سەرۆکایەتی مەڕاڵ ئاکشەنەر، داوای ئەوەی دەکرد، پرسی هەموارکردنەوەی دەستوور لە پرسی هەڵبژاردنەکان جیابکرێتەوە.

بۆ پێی دەڵێن دەستووری کودەتا؟

دەستووری ئێستای تورکیا لە دوای کودەتاکەی (12ـی ئەیلوولی 1982) نووسراوەوەتەوە و لە ڕاپرسییەکی گشتییدا بە ڕێژەی 92%ـی دەنگی خەڵکی ئەو وڵاتە پەسەند کرا، بۆیە دوای 40 ساڵ لە ئامادەکردنی ئەو دەستوورە، هەرچەندە چەند جارێک هەموارکراوەتەوە و گۆڕانی کەمی تێدا کراوە، بەڵام هەر بە "دەستووری کودەتا" ناودەبرێت.

دەستووری تورکیا لە 177 ماددە پێکهاتووە و تاوەکو ئێستا گۆڕانی لە 20 بەشی جیاوازیدا کراوە بەڵام 58 ماددەیان بە هیچ جۆرێک دەستکاریی نەکراوە. یەکەم گۆڕان لە دەستووری تورکیا لە ساڵی 1987 بووە و دوایین گۆڕانیش لە ساڵی2017 بوو کە سیستەمی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی گۆڕدرا.

هاوکات پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) پێش هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری ساڵی ڕابردوو، ڕەشنووسێکی سێ ماددەیی بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور ئامادە کردبوو، کە تایبەت بوو بە ئازادی پۆشینی سه‌رپۆش و پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ خێزان، بەڵام لەگەڵ لایەنەکانی دیکە نەیتوانی کۆدەنگییەک دروست بکات تاوەکو لە پەرلەمان تێیپەڕێنێت.

ڕۆژی (25ـی تەمموزی 2023) ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە گەورەترین بەربەست لەبەردەم تورکیا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، دەستووری ئێستایە کە بەرهەمی کودەتایە.

ئاکپارتی دەتوانێت دەستوور بگۆڕێت؟

بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمانی تورکیا، ئاکپارتی پێویستی بە 360 دەنگ هەیە بەڵام خۆی تەنیا خاوەنی 268 کورسییە و مەهەپەی هاوپەیمانیشی خاوەنی 50 کورسییە، هەرچەندە پارتی یەنیدەن ڕەفا خاوەنی پێنج کورسییە بەڵام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە هاوپەیمانی کۆمار جیابووەوە، بۆیە ئێستا ئاکپارتی پێویستی بە 42 دەنگی دیکە هەیە تاوەکو بیخاتە ڕاپرسی گشتییەوە، هاوکات بۆ ئەوەی ڕاستەخۆ بەبێ ڕاپرسی گشتیی پەسەندی بکات، پێویستی بە 400 دەنگ هەیە.

لە بەرامبەردا، جەهەپە 130 کورسی، دەم پارتی 57 کورسی، ئیی پارتی 44 كورسی، پارتەکانی سه‌عاده‌ت و ئایینده‌ پێكه‌وه‌ 20 كورسی، ده‌ڤا 15 كورسی و پارتی كرێكارانی توركیا چوار كورسییان لە پەرلەمانی تورکیا هه‌یه‌.

لە ماوەی فەرمانڕەوایی 20 ساڵی ڕابردوویدا، ئاکپارتی سێ جار گۆڕانی لە دەستووردا کردووە، یه‌كه‌میان لە 21ـی تشرینی یه‌كه‌می 2007 بوو کە تایبەت بوو بە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە و بە ڕێژی 68.95% توانی پەسەندی بکات.

هەروەها لە 12ـی ئەیلوولی 2010ـشدا، ژمارەیەک لە ماددەکانی دەستووری بە ڕێژەی 57.88%ـی دەنگی خەڵک پەسەند کرد و هەمواری سێیەمی دەستوور لەلایەن ئاکپارتییەوە لە 16ـی نیسانی 2017 بوو کە بە ڕێژەی 51.41%ـی دەنگی خەڵک، سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی گۆڕی.