خامنەیی: بە دڵنیاییەوە تۆڵە لە ئیسرائیل دەکەینەوە

عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی ئێران
عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی ئێران

K24 - هەولێر

ڕێبەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی ئێران لە تارانی پایتەخت پێشنوێژ جەژنی ڕەمەزانی کرد و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، کۆنسولخانە و باڵیۆزخانەی هەر وڵاتێک، وەک خاکی ئەو وڵاتە وایە و هێرشەکەی ئیسرائیلیش بۆ سەر کۆنسولخانەی ئێران لە دیمەشق وەک ئەوەیە هێرشی کردبێتە سەر خاکی ئێران، هەر بۆیە دەبێت ئیسرائیل لە سەر ئەم تاوانە سزا بدرێ و بە دڵنیاییەوە سزای دەدەین.

عەلی خامنەیی لە گوتارەکەیدا ڕەخنەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی  گرت و گوتی: ساڵانێکی زۆرە پشتیوانی ڕژێمی داگیرکاری ئیسرائیل دەکەن و ڕەمەزانی ئەم ساڵ ڕووداوە خوێناوییەکانی غەززە ژیانی موسڵمانانی تاڵ کرد و "لەعنەتی خوا لە ڕژێمی داگیرکاری ئیسرائیل" بدات.

ڕاشیگەیاند، ڕژێمی ئیسرائیل توانای بەرەنگاربوونەوەی بەرەی موقاوەمەی نییە و بۆیە شەش مانگە لە غەززە تاوانی جەنگی ئەنجام دەدات و دەستی کردووە بە ڕەشەکوژی مناڵان و ژنان و بەساڵاچووان و خەڵکی نەخۆش، بەمجۆرە زیاتر لە سی هەزار خەڵکی سڤیلی کوشتووە. گوتیشی: کوا ئەوانە لە کوێن کە بە دەنگی بەرز و بانگەشە بۆ مافەکانی مرۆڤ دەکرد و گوێی جیهانیان کەڕ کردووە؟ کوا لە کوێن؟ بۆ مەگەر خەڵکی غەززە مرۆڤ نین؟.

هەر لە وتارەکەیدا سەبارەت بە هێرشی ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، خامنەیی گوتی: بارەگای باڵیۆزخانەی هەر وڵاتێک لە وڵاتێکی دیکە وەک خاکی وڵاتەکە وایە، هێرشەکەی ئیسرائیلیش بۆ سەر کۆنسولخانەی ئێران وەک ئەوەیە هێرشیان کردبێتە سەر خاکی ئێران. ئەمە ڕێسایەکی جیهانییە. هەر بۆیە ڕژێمی چەپەڵی ئیسرائیل لەم ڕووداوەدا هەڵەی کرد. دەبێ سزا بدرێ و بە دڵنیاییەوە سزاشی دەدەین.

ئێوارەی دووشەممە (1ـی نیسانی 2024) فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە دیمەشقی پایتەختی سووریا باڵەخانەیەکی تەنیشت باڵیۆزخانەی ئێرانی کردە ئامانج و لە نێویدا 18 کەس کوژران کە شەشیان فه‌رمانده‌ و ڕاوێژكاری سەربازی سەر بە سوپای پاسداران بوون و یەکێکیان بەرپرسی فەیلەقی قودسی پاسداران بوو لە سووریا و لوبنان و فەڵەستین.