شیعەکان سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا بە یەکلاکەرەوەی زۆر پرس دەزانن

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق

K24 - هەولێر

محەممەد شییاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێنج رۆژی دیکە دەچێتە ئەمریکا و لەگەڵ جۆو بایدن کۆ دەبێتەوە، لە ئێستاوە شیعەکان و بەتایبەتی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستیان بە پشتیوانیی سەردانەکە و هەوڵدان بۆ سەرخستنی کردووە و بە سەردانێکی یەکلاکەرەوەی دەزانن.

هێزە شیعەکان سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ یەکێک لە گەورەترین ڕووداوە سیاسییەکانی عێراق ئەویش سەردانی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ ئەمەریکا و ئەو مەلەفانەی بڕیارەی لەگەڵ ئیدارەی بایدن تاوتوێیان بکات.

شیعەکان و بەتایبەتی بەشێکی چوارچێوەی هەماهەنگی سەرنجی سەرەکییان لەسەر سەرخستنی ئەو سەردانەیە چونکە گرەویان لەسەر یەکلایکردنەوەی بەشێک لە پرسە هەستیارەکانە لەو سەردانەدا، لەوانەش: مانەوە، یاخود کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرکردایەتیی ئەمەریکا، چاکسازییە بانکییەکانی عێراق و دۆسیەی سپیکردنەوەی پارەی لە بازاڕی ڕەش و بانکە نافەرمییەکانەوە، هاوکات لەگەڵ دۆسیە کڕینی غاز لە ئێران و سەربەخۆیی عێراق لەبواری سەرچاوەکانی وزە، ئەوە لەگەڵ پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە و لۆبیی کۆمپانیاکانی بواری نەوت لە کۆنگرێسی ئەمەریکا بۆ دروستکردنی گوشار لەسەر حکوومەتی عێراق تا دەست بە پرۆسەکە بکاتەوە، بەو پێیەی بەشێک لە کۆمپانیاکانی بواری نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەمەریکین.

لەوبارەیەوە قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیب ئەهلی حەق و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەیامی جەژندا جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆی بۆ سەرخستنی سەردانەکەی سوودانی نیشانداوە. سەردانەکەش بە گرنگ و یەکلاکەرەوە ناو دەبات.

لای خۆشییەوە عەمار حەکیم جەختی لە گرنگی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن کردووەتەوە، بە دەریچەیەک بۆ داهاتووی پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغدا ناویهێنا.

لەبەرامبەردا لایەنی شیعەش هەن ناکۆکن لەسەر سەردانەکەی سوودانی و لە ڕێگەی گوتار و میدیاکانیانەوە دەیانەوێت بێ بەهای دەریبخەن، بڕوایان وایە ئەو سەردانە پرۆتۆکۆلیە و ئەمەریکا ئیرادەی خۆی دەسەپێنێت.

ئەو گرووپە میلیشیایانەی خۆیان بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ناساندووە، زیاتر لە دوو مانگە ئاگربەستێکی ڕانەگەیەندراوی تاکلایەنەیان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە، هێلکەکانی خۆیان خستووەتە سەبەتەی سەردانەکەی سوودانی بۆ کۆشکی سپی، چونکە لە ئەگەری شکستیهێنانی دانووستانەکانی تایبەت بە کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق، دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیان بۆسەر بارەگاکانی ئەمەریکا ئەگەرێکی بەهێزە.