رووسیا بۆ هاووڵاتییانی: مەچنە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

کۆشکی کریملن
کۆشکی کریملن

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوە رووسیا هاووڵاتییانی ئاگاداردەکاتەوە بۆ کاروباری "زۆر پێویست نەبێت" سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هۆشداریی بە هاووڵاتییە رووسیەکانی دەدات بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی ئیسرائیل و لوبنان نەکەن.

لەوبارەیەوە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، داوایان لە هاووڵاتییەکانیان کردووە خۆیان لە سەردانیکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزن، ئەوەش وەک رێکارێکی ئەمنی بۆ پاراستنی سەلامەتییان.

زاخارۆڤا جەختی لەوەش کردەوە، "بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیر بووە، ئەو ناسەقامگیرییە تا ئێستاش بەردەوامە".

لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای 'لۆفتهانسا'می ئەڵمانی بۆ فڕۆکەوانی کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە؛ بڵاویکردەوە، 'بەهۆی دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسییە ئەمنییەکانەوە' گەشتەکانیان بۆ تارانی پایتەختی ئێران ڕادەگرن و رێگەشنادەن هیچ فڕۆکەیەک لە تارانەوە بەرەو ئەڵمانیا بفڕێت.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشبینی دەکرێت لەم چەند رۆژەدا ئێران وەڵامی هێرشەکەی چەند رۆژی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەیان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بداتەوە کە بەهۆیەوە ژمارەیەک فەرماندە و سەربازی سوپای پاسداران کوژران و بریندرابوون.

پێگەی ئاکسیۆسی ئەمەریکیش ئاشکرایکردووە، بۆ تاوتوێکردن و ئەنجامدانی هەماهەنگی سەبارەت بە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی هێرشی چاوەڕوانکراوی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، جەنەراڵ مایکڵ کواریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) سەردانی تەلەئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل دەکات.

پێگەی ئاکسیۆس ئاماژەی بەوەش داوە، جەنەراڵ کواریلا لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل دەکەن بۆ شێوازی وەڵامدانەوەی ئێران لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.

ئەو پێگە ئەمەریکییە باسی لەوەش کردووە، لەبەر هۆکاری ئەمنی سەردانەکەی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لە میدیاوە باس نەکراوە.