غەیس تەمیمی: هه‌ولێر قوڵایی ستراتیژی حكومه‌تی فیدراڵییه‌

غەیس تەمیمی، سەرۆکی پڕۆژەی مواتەنە لە عێراق
غەیس تەمیمی، سەرۆکی پڕۆژەی مواتەنە لە عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکی پڕۆژەی مواتەنە لە عێراق، رایدەگەیەنێت: سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانی هاوسەنگی رابگرێت و زامنی مووچەی فەرمانبەرانی لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بکات، هەروەها سەرکەوتنی مەسرور بارزانی مانای سەرکەوتنی هەموو عێراق دەگەیەنێت.

غەیس تەمیمی، سەرۆکی پڕۆژەی مواتەنە لە عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رۆڵێکی گرنگی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بینی، خودی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دەتوانێت بە دوو ئەقڵیەت بیر بکاتەوە، ئەوانیش بریتین لە؛ ئەقڵیەتی سەرۆکوەزیران و ئەقڵیەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەمان کاتدا ناوبراو پیاوی دەوڵەتە.

سەرۆکی پڕۆژەی مواتەنە لە عێراق، راشیگەیاند، مەسرور بارزانی توانی ئەزموونی هەرێمی کوردستان بپارێزێت، لە هەمان کاتدا توانی رووبەڕووی ئاڵنگارییە سیاسییەکان ببێتە بە رۆحێکی خۆڕاگرانە و بەهێز، کە توانای ئەوەی هەیە بەرگەی مووشەک و درۆن بگرێت.

غەیس تەمیمی، ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانی هاوسەنگی رابگرێت و زامنی مووچەی فەرمانبەرانی لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بکات، هەروەها سەرکەوتنی مەسرور بارزانی مانای سەرکەوتنی هەموو عێراق دەگەیەنێت.

سەرۆکی پڕۆژەی مواتەنە لە عێراق، دەڵێت: هەولێر بەراورد بە 20 ساڵی رابردوو رۆڵ و پێگەکەی زۆر پێشکەتوو بووە، هەروەها کاتێک داعش مووسڵی داگیر کرد، هەرێمی کوردستان بە ئاسایش و سەقامگیریی مایەوە و بووە ماڵی ئاوارە و پەنابەران.

غەیس تەمیمی، باسی لەوەکرد، هەولێر قوڵایی ستراتیژی حکوومەتی فیدراڵییە و گرنگە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، هەروەها هەولێر یادگەی گۆڕانکارییە مەزنەکانی دەوڵەتی عێراقییە لە ماوەی 60 ساڵی رابردوودا و، گرنگترین شتیش لە شارەکە ئەوەیە تا ئێستا نەبووەتە ئامرازی ژێردەستەی ئێران، تورکیا و تەنانەت ئەمەریکاش.

سەرۆکی پڕۆژەی مواتەنە لە عێراق، گوتی: زۆر گرنگە ئەزموونی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنی هەرێمەکە بپارێزین، هەروەها ئەزموونەکە بگوازرێتەوە بۆ بەسرە و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، چەند جارێکیش پارێزگاری بەسرە جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەیانەوێت ئەزموونی هەرێم بۆ پارێزگاکەیان بگوازنەوە.

غەیس تەمیمی گوتیشی: "هەرێمی کوردستان وەکو قەعبەی فیدراڵییەت وایە لەنێو عێراقدا، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ حکومەتە یەک بەدوای یەکەکانی پێشووی عێراق کە جۆرێک لە سەرکەوتنی رێژەییان بەدەست هێناوە، لە ماوەی بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکەیان دەبینین پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان باش بووە".

جەختی لەوەش کردەوە، هەر حکومەتێکی عیراقیش شکستی بەدەستهێنابێت لە ماوەی حکومڕانی خۆیدا هۆکارەکەی بۆ خراپی پەیوەندی نێوانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.

سەرۆکی پڕۆژەی مواتەنە لە عێراق، دەشڵێت: هەرێمی کوردستان و ئەزموونەکەی سەردەکەون، چونکە یارمەتی پارچەکانی دیکەی عێراق دەدەن ساڕێژ ببنەوە و توانای خۆیان بەدەستبهێننەوە، سوودانی لەوە تێدەگات کە پێویستە هەماهەنگی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت.

غەیس تەمیمی، دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی تەنیا شەڕی پاراستنی هەرێمەکە ناکات، بەڵکو شەڕی پاراستنی هەموو عێراق دەکات.

سەرۆکی پڕۆژەی مواتەنە لە عێراق، جەخت لەوەش دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان بە تایبەتی هەولێر ئامراز و پاڵنەرێکە بەرەو سەقامگیری زیاتر و هاوسەنگی زیاتر لە تەواوی عێراقدا.