گولیزار گەردەنزەری: چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت

گولیزار گەردەنزەری، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ
گولیزار گەردەنزەری، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ دەڵیت: ماوەی سێ ساڵە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ بووەتە جێی بایەخی زۆر کەس. هاوکات گوتی: دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکە لە ئێستاوە تاوەکو 10ـی حوزەیرانی 2024 کراوەیە.

گولیزار گەردەنزەری، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە رۆژی 18 تا 22ـی ئەیلوولی 2024 چوارەمین وەشانی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ لە پایتەختی رووسیا بەڕێوەدەچێت.

گەردەنزەری دەڵێت: دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکە لە ئێستاوە تاوەکو 10ـی حوزەیرانی 2024 کراوەیە و دەرهێنەر و سینەماکاران دەتوانن بەرهەمەکانیان لە (فیلمی درێژ، فیلمی دۆکیومێنتاری کورت) لەرێگەی "FilmFreeway" پێشکەش بکەن.

بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە ئەوەشی خستەروو، "کە ماوەی سێ ساڵە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ بووەتە جێی بایەخی زۆر کەس، نەک تەنیا ڕەوەندی کوردی هۆگری فێستیڤاڵەکە بوونە، بەڵکو ساڵی ڕابردوو سەرنجێکی زۆری لەلایەن پیشەسازی فیلم و بینەرانی ئاساییەوە هەبووە، ئەمەش گەواهیدەرە کە ئێمە کارێکی گرنگ و پێویست دەکەین".

گولیزار گەردەنزەری، گوتیشی: لە سەرەتای دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکەوە پلانمان هەیە نەک تەنیا بە سینەما، بەڵکو بە کولتووری هەمەچەشنی کورد بینەران ئاشنا بکەین،  پارساڵ توانیمان پێشانگایەکی هونەریی هاوچەرخی کوردی بکەینەوە.