زیاتر لە 250 ڕێکخراوی مرۆیی و مافی مرۆڤ داوا دەکەن چەک بە ئیسرائیل نەدرێت
K24 - هەولێر
زیاتر لە 250 ڕێکخراوی مرۆیی و مافی مرۆڤ داوایان کردووە "دەستبەجێ" هەموو گواستنەوەیەکی چەک بۆ ئیسرائیل و گروپە چەکدارەکانی فەلەستین ڕابگیرێت.
ڕێکخراوەکان لە نامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە، "داوای ئاگربەستی خێرا دەکەین و داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین دەست لە گواستنەوەی ئەو چەکانە هەڵبگرن کە بۆ ئەنجامدانی پێشێلکاریی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ بەکاردەهێنرێت".
لە نامەکەدا هاتووە: "ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ بەرپرسیارێتی خۆی بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی جیهان، بە ڕاگرتنی گواستنەوەی چەک بۆ حکوومەتی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین بەجێ بهێنێت".
16 ڕێکخراو لە مانگی یەکی ساڵی 2024 دەستیان بەم بانگەشەیە کرد و نامەکەیان نووسی، ئێستا زیاتر لە 250 واژۆی لەسەرە، لەوانە واژۆی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوی منداڵان ڕزگار بکە، ئۆکسفام، پزیشکانی جیهان، کاریتاسی نێودەوڵەتی و ژمارەیەک ڕێکخراوی ناحکوومی.
ڕێکخراوەکان نووسیویانە، "بۆردومان و گەمارۆدانەکانی ئێسرائیل، دانیشتوانی مەدەنی لە پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ مانەوە لە ژیان بێبەش دەکات، غەززە دەکاتە شوێنی نەگونجاو بۆ نیشتەجێبوون".
لە درێژەی نامەکەدا هاتووە کە "بارمتەگرتن و هێرشی بێ جیاوازی" لەلایەن گروپە چەکدارەکانی فەڵەستینی "پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە، دەبێت دەستبەجێ بوەستێنرێت".