نیوەی ئەو بانکە عێراقییانەی لە پڕۆژەی "تەوتین" بەشدارن لەلایەن ئەمەریکاوە سزادراون

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

نزیکەی نیوەی ئەو بانکانەی لە عێراق لە پڕۆژەی تەوتین بەشدارن، لەلایەن ئەمەریکاوە سزادراون. سزاکە وەکو هەوڵێکە بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی دۆلار بۆ پارە سپی کردنەوە.

لەکۆی ئەو 43 بانکەی لە عێراق کە لە پڕۆژەی تەوتین بەشدارن 17 بانک لەلایەن ئەمەریکاوە سزادروان.

ساڵی رابردوو 22 بانک لە عێراق بە تۆمەتی گواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران و تێوەگلان لە پارە سپی کردنەوە سزادران و ناتوانن مامەڵە بە دۆلار بکەن.

سزادانی ئەو بانکانە بەشێکە لە هەڵمەتەکانی واشنتن بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی دۆلار بۆ پارە سپی کردنەوە و خراپ بەکارهێنانی ئەو دراوە.

رۆژی 26-03-2024، عەممار خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 20 بانکی عێراق لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە مامەڵکردن بە دۆلاریان لێ قەدەغەکراوە و تەنها دەتوانن لەناوخۆی عێراقدا کاری دارایی بکەن.

خەڵەف گوتیشی، لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینیە ئەمەریکا تا بلۆکی سەر بانکەکانی عێراق هەڵبگرن.