وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق: له‌مه‌ودوا كارتی نیشتمانی ده‌بێته‌ بنه‌مای هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌ك

K24 - هەولێر:

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌مه‌ودوا كارتی نیشتمانی بنه‌مای هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌ك ده‌بێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ نه‌شئه‌ت ئیبراهیم ئه‌لخه‌فاجی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگه‌ی عێراق، به‌ ئاژانسی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، هه‌ماهه‌نگی پێشوه‌خته‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانی پلاندانان و كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كارتی نیشتمانی ببێته‌ بنه‌مای هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌ك.

ئه‌لخه‌فاجی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بنه‌مای حكومه‌تی ئه‌لیكترۆنی، راستی و دروستی زانیارییه‌كانی نێو كارتی نیشتمانییه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، پێویسته‌ وێنه و په‌نجه‌مۆر بوونی هه‌بێت، كه‌ پێشتر ئه‌مانه‌ له‌ نێو ناسنامه‌ی باری شارستانی بوونیان نه‌بووه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئاسانكاری بۆ هه‌موو هاووڵاتییان كراوه‌، كه‌ ببن به‌ خاوه‌نی كارتی نیشتمانی.

پێشتریش عه‌مید میقداد میری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، به‌ ئاژانسی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، تاكو یه‌كی مانگی ئاداری ئه‌مساڵ 2024، 36 ملیۆن هاووڵاتی عێراقی كارتی نیشتمانییان ده‌ركردووه‌.

هه‌روه‌ها راشیگەیاندبوو، نزیكەی هەشت ملیۆن عێراقی ماون كارتی نیشتمانیان بۆ ده‌ربكرێت، گوتبوشی، "لەسەرەتای ئەمساڵەوە ملیۆنێك و 657 هەزار كەس كارتەكەیان بۆ دەركراوه‌".

مەعمووری ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبوو، بەنیازن دیزاینی ئێستای كارتی نیشتمانی بگۆڕن و ئەوانەی تا ئێستا كارتەكەیان بۆ دەرنەكراوە، دەبنە خاوەنی چاپی رەنگاوڕەنگ و دیزاینی نوێی كارتی نیشتمانی".

وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێشتر رایگەیاندبوو، كاركردن بە بەڵگەنامە كۆنەكانی باری شارستانی تا 1ـی مانگی نیسانی ئەمساڵ درێژكراوەتەوه‌.