راهێنەرێک بەهۆی مێسی داوایەکی سەیر لە فیفا دەکات

لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی

کاتژمێر 03:30 خولەکی بەرەبەیانی سبەی یەکشەممە، یانەکانی کانساس سیتی و ئینتەر مەیامی لە خولی ئەمریکا رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، راهێنەری یانەی میوانیش بۆ رووبەڕووبونەوەی لیۆنێل مێسی داوایەکی سەیری لە فیفا کردووە.

ئینتەر مەیامی بە سەرکردایەتی لیۆنێل مێسی لە کۆی 8 یاریی ئەمساڵی خولی ئەمریکا، خاوەنی 3 بردنەوە و 2 دۆڕان و 3 بەرامبەربونە و بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ، پلەی سێیەمی کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی خولی ئەمریکای گرتووە. ئەو یانەیە لە نۆیەم یاریی ئەم وەرزە و لە دەرەوەی یاریگای خۆی، رووبەڕووی کانساس سیتی لە کۆمەڵەی رۆژاوا دەبێتەوە.

پیتەر ڤێرمێس راهێنەری یانەی کانساس سیتی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە بە گاڵتەوە رایگەیاند '' کۆنترۆل کردنی مێسی زۆر کارێکی قورسە، بۆیە داوام لە فیفا کردووە بۆ ئەوەی رێگەمان پێبدات، لەم یارییە بە 15 یاریزانەوە بەشداری بکەین ''.

راهێنەرەکەی کانساس سیتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت '' سەرجەم یانەکانی جیهان شکستیان هێناوە لە کۆنترۆل کردنی لیۆنێل مێسی، هەربۆیە بۆ ئێمەش کارێکی زۆر قورس دەبێت، زۆر ئەستەمە تیپێک بتوانێت بە یاریزانێک کۆنترۆلی لیۆ بکات، بۆیە داوام لە فیفا کردووە ئێمە بە 4 یاریزانی زیاتر بەشداری یارییەکە بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین کۆنترۆلی ئەو یاریزانە بکەین ''.

ئەو راهێنەرە پێیوایە ئاستی زیرەکی یاریزانێکی ئاساییە و نزیکەی 150 بۆ 160 پلەیە، بەڵام ئاستی زیرەکی مێسی دوو هێندەی یاریزانێکی ئاساییە و دەگاتە 300 پلە. لە کۆتاییدا ڤێرمێس راهێنەری یانەی کانساس سیتی دەڵێت '' ئەوان زۆر دڵخۆشن بە هاتنی مێسی بۆ خولی ئەمریکا، لەبەر ئەوەی ئەم یاریزانە وایکردووە ئەو خولە بینەری زیاتری هەبێت ''.