سوودانی بەر لە بەڕێ کەوتنی ئامانج و کارنامەی دیدارەکانی لە واشنتن ئاشكرا کرد

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر

محەمەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەر لەوەی بەرەو ئەمەریکا بەڕێ بکەوێت لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم سەردانە لە ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکا لە کاتێکی هەستیار دایە، لە ئاستی بارودۆخی ناوچەکەش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی تاوانانەی دژ بە خەڵکی بێتاوانی فەڵەستین دەگوزەرێت، جیا لەوەی ترسیش لە فراوانبوونی ململانێکان هەیە.

سودانی جەختی لەوە کردەوە ئامانجی سەردانەکە بۆ گواستنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ ئەمەریکا بۆ قۆناغێکی نوێ لە چوارچێوەی کاراکردنی بنەماکانی ڕێککەوتننامەی ستراتیجی بێت کە هاوتەریبە لەگەڵ کارنامەی حکوومەت بۆ چاکسازییەکانی ئابووریی و دارایی لە تەواوی سێکتەرە گرنگەکاندا لەگەڵ هاوبەشیی بەرهەمهێنان لەگەڵ تەواوی وڵاتانی جیهان.

ڕاشیگەیاند، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە گفتوگۆ لەسەر سەردۆخی ناوچەکە و ئاستی ئاڵۆزییەکان دەکەن، لەگەڵ باسکردنی کاری هاوبەش بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگری لە تەشەنە سەندنی ئاڵۆزییەکان و کاردانەوەی بۆ سەر تەواوی سەقامگیری جیهان دەکەن.

هەر لەو دیدارەدا کاری هاوبەشی لیژنەی باڵای سەربازی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دەبێ لەگەڵ بایدن، بەو ئامانجەی بگەنە ڕێککەوتن لە سەر گەڵاڵە کردنی خشتەیەکی کاتی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی.

سوودانی ڕاشیگەیاند، لە سەردانەکەیدا لەگەڵ هەر یەکە لە وەزیرانی بەرگری، خەزێنەی ئەمەریکا، ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانی، ژووری بازرگانی ئەمەریکا و بەرپرسانی باڵای کۆمپانیاکانی نەوت و پیشەسازیدا دیدار و کۆبوونەوەی تایبەتی دەبێت.

گوتیشی: ئەم سەردانەی هەڵگری پەیامی هاوبەشێتیییەکی ستراتیجیی بەردەوامە لە سەر بنەمای رێزگرتنی یەکتریی و پارێزگاری لە ئاسایش و سەروەریی یەکپارچەیی خاکی عێراق.

سوودانی ئاماژەی دا، لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن شاندێکی حکوومەت و پەرلەمانەوە لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر و پەرلەمانتاران و ڕاوێژکاران، لەگەڵ نوێنەرانی کەرتی تایبەت، لە پیاوانی بازرگان و پیشەسازیی یاوەری دەکەن، بۆ ئەوەی لەوێ لەگەڵ گەورە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە سەر چەندین دۆسیەی پەرەپێدانی، بازرگانی، ئابووری، خوێندن و ئاسایشی و چەندی بواری دیکەی ڕێککەوتن بکەن.

هەروەها ڕایگەیاند، سەردانەکەی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوبەش هەماهەنگیی دەبێت، بە ئامانجی کاراکردنی ڕێککەوتنی ستراتیجی لە بوارەکانی وزە، دارایی و بانک، گواستنەوە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی سەروەت و سامانی عێراق لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ خوێندنی باڵا و پەرەپێدانی ڕۆشنبیری.