فیلیپ دۆلاغبر بۆ كوردستان24: بەلای منەوە پێشمەرگە نۆبەداری رۆحی کوردە

فیلیپ دۆلاغبر:  "دەزانم کە مەسعود بارزانی، بەراورد بە پۆست و نازناوەکان،  پێشمەرگەبوونی لا بەرز بووە".

K24 - فه‌ره‌نسا:

لە شارۆچکەیەکی جوانی شاری تۆلۆزی باشووری خۆرئاوای فه‌ڕەنسا، نزیک لە چیاکانی ئەلبرانییەی نێوان فەڕەنسا و ئیسپانیا، کۆمەڵێکی زۆری خەڵک هاتوون تا خزمەتێک بە کورد بگەیەنن، زۆر لەوان فه‌ڕەنسین، دۆستی کوردن، کورد و پێشمەرگەیان خۆش دەوێت.

هەمووان هەوڵدەدەن ئاهەنگە تایبەتەکەی بۆ ناساندنی کورد رێکخراوە، جوانتر و باشتر بکەن، لەوێ بۆ یەکەمجار فیلیپ دۆلاغبرم ناسی، زانیم نزیکی لە کورد و ئازایەتی و خۆشەویستی پێشمەرگە، هانی ئەویان داوە کۆمەڵەیەکی دۆستایەتی دابمەزرێنێت، بەناوی "کۆمەڵەی برایەتی فەرەنسا و پێشمەرگە"، و چەند ساڵێکە لە پاریس بۆ یادی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە رێوڕەسمێکی سەربازی لەسەر گڵکۆی "سەربازی ون" ئەنجام دەدەن، کۆمەڵەکەیان بەفەرمی مۆڵەتی وەرگرتووە و بۆ خزمەتکردنی ئەو پێشمەرگانەیە کە لەگەڵ سوپای فه‌ڕەنسادا لەیەک سەنگەردا جەنگاوەر بوون، پلانێکی چڕی ئیشکردنیان هەیە، بە قەمسەڵەیەکی پێشمەرگانەوە و بە هەندێ وشەی کوردی جوان، وەڵامی سڵاوەکەی دامەوە و خۆمم پێ ناساند:

گوتم: ( کوردم و رۆژنامەنووسم) ودەمەوێت چاوپێکەوتنێکت لەگەڵ بکەم بۆ ماڵپەری کوردستان24، ئەویش گوتی: منیش پێشمەرگەم و ئامادەم، بەڵام پرسیاری قورسم لێ مەکە....

گوتم : زۆرباشە پرسیارەکانم سادەن..

کوردستان24:  ئەم قەمسەڵە سەربازییەی لەبەرت کردووە، ماوەیەکی زۆر لەسەردەمی خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتیدا لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، بە یەک لە هێماکانی جلی پێشمەرگە ناسرابوو، چۆنە ئەم قەمسەڵە پێشمەرگەیانەت لەبەرکردووە و لەم فێستیڤالە کوردییەی ئەمڕۆ لە (ئەلبی) باشووری فه‌ڕەنسا بەشداریت کردووە ؟ 

فیلیپ دۆلاغبر:  ( بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە) بەڵێ منیش ئەوە دەزانم و بۆیان باسکردووم، کە ئەمە لای کورد ناونراوە ( قەمسەڵەی ئەمه‌ریکی) و پێشمەرگەکان بۆ خۆپاراستن لەسەرمای چیا و دۆڵەکانی کوردستان زۆر لەبەریان کردووە، (پێدەکەنێت و دەستی بۆ قەمسەڵەکی برد) ئەوە شتێکی باشە، بەواتای جارێ هەرلەسەرەتاوە شتێکی هاوبەشمان هەیە، کە ئەوە شتێکی زۆرباشە  . 

کوردستان24:  لە دیدی خۆتەوە چۆن پێناسەی پێشمەرگە دەکەیت ؟

فیلیپ دۆلاغبر: سەرەتا سوپاستان دەکەم کە ئەم دەرفەتەتان بۆ رەخساندووم، و لێرە دەتوانم باسی پێشمەرگە بکەم، شەرەفێکی گەورەیە کە دەرفەتان بەمن داوە لەسەر کورد و پێشمەرگە قسە بکەم، من وەکو کەسێکی سەربازی وایدەبینم پێشمەرگە نموونەی مەردایەتی و ئازایەتییە، پێشمەرگە کەسێکە ئامادەی خۆبەخش کردنە و نموونەی فیداکارییە بۆ گەلی خۆی. 

کوردستان24:  چۆن کورد و پێشمەرگەت ناسی؟ 

فیلیپ دۆلاغبر: من پەیمانگەی زانستە سیاسییەکانم خوێندووە، دواتر لە سینەما ئیشم کردووە، کتێبم داناوە، کتێبم بۆ سەرزمانی فه‌ڕەنسی تەرجومە کردووە، لە ساڵی 1996ەوە کوردستانم ناسیوە، ئەوکات خەباتم دەکرد بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی فه‌ڕەنسا و جیهاندا، دان بەو هێزانەدا بنرێت، کە لەبەرەی ئۆپۆزیسیۆن بوون لەدژی رژیمی سەدام حسێن، بۆ ئەوەی پاڵپشتی  بکرێن و دانیانپێدابنرێت، یەک لەوانە هێزەکانی کورد و پێشمەرگە بوو، لە 1996 سەردانی کوردستانم کرد کە بڕیاربوو مانگێک بمێنمەوە، بەڵام کوردان بەو میواندارییە گەرمەی کەپێی دەناسرێنەوە، وایان لێکردم چوار مانگ لەلایان بمێنمەوە، لەو گەشتەمدا لەگەڵ پێشمەرگەکاندا کاتێکی زۆر خۆشم بەسەربرد و لەوێوە من ئاگادارییەکی زۆرم پەیدا کرد لەسەر مێژووی خەباتی کوردان و تێکۆشان و گیان فیدایی پێشمەرگە و لەوکاتەوە حەزمدەکرد خزمەتی پێشمەرگە بکەم، بیرم دەکردەوە کە شتێکی گرنگ بۆ پێشمەرگە بکەم، لەو بارەوە زۆر هەنگاو کارمان کردووە، کە دواجار دروستکردنی ئەو کۆمەڵەیەش هەرلە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەماندا بوو، بۆ پتەوکردنی برایەتی نێوان پێشمەرگە و فه‌ڕەنسا و جەنگاوەرەکانی فه‌ڕەنسا، بەشێوەیەکی زۆر سرووشتی من پێشمەرگەم خۆش ویست، بۆ نموونە ئەو ماوەیەی لە کوردستان بووم هەموویان هەمیشە لە خەمی پاراستنی گیانی مندا بوون و هەستیان دەکرد، مەترسییەک لەسەر من هەیە و دەبێت گیانی من بپارێزن، لەوەوە برایەتی و هەڤاڵینییەک لە نێوان من و پێشمەرگەدا دروست بوو کە زیاتر بوو لە برایەتی، ئەو برایەتی و خۆشویستنە ئەگەری یەکەم بوو بۆ ئەوەی من پێشمەرگەم خۆش بووێت .

کوردستان24:  ئایە دەزانییت مانای پێشمەرگە چی یە؟

فیلیپ دۆلاغبر: بەڵێ بەڵێ ئەی چۆن؟ پێشمەرگە بەمانای ئەوەدێت کەسێکی تێکۆشەرە، لە پێناوی میلەتەکەیدا بەرەو مردن دەچێت، بگرە پێش مردنیش دەکەوێت و دەڕوات بەرەو مردن، بۆ ئەوەی گەلەکەی بمێنیت و مافەکانیان دابین بکات. 

کوردستان24:  ئێمە رێبەر و سەرکردە مێژوویەکانمان هەمیشە، شانازیان بەوەوە کردووە و دەکەن کە ( پێشمەرگە ) بوون و خۆیان هەر بە پێشمەرگە دەزانن، نەک تەنیا ئەوان، بەڵکو زۆر لە خەڵکی ئاسایی، هەتا ئەمڕۆش شانازی بەوەوەدەکەن کە رۆژێک لە رۆژان، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بووبێت ئەوان پێشمەرگە بوون، ئایە تۆ هەستت بەو جۆرە شانازییە کرد لەلای کورد ؟ و چۆنی دەنرخێنیت؟

فیلیپ دۆلاغبر: بەڵێ ژەنه‌ڕاڵ مستەفا بارزانی رێبەری مێژووی کوردستان بۆ خۆی پێشمەرگە بووە، ئەوەش دەزانم کە بەرێز مەسعود بارزانی کە پێشتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام شانازی بەوەوە کردووە ئەو هەر پێشمەرگەیە، با پۆستێکی گرنگی وەکو سەرۆکی هەرێمی هەبێت، بەڵام پێشمەرگەبوونی لا بەرزتر بووە، ئەوانە دەزانم، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوان گرنگی و بایەخی ئەرکی پیشمەرگەیان زانیووە، گرنگی ئیشی پێشمەرگەش دەزانن، لەوەتێگەیشتوون کە چارەنووس و شەرەف و مافەکانی گەلی کورد لە پشتی ئەو ناوەوەیە، واتە پێیشمەرگە بوون جێگەی سەربڵندیی و شانازییە ، بەلای منەوە پێشمەرگە نۆبەداری رۆحی کوردە.

کوردستان24: چۆن بوو کۆمەڵەیەکی لەو جۆرەتان دامەزراند و سروشتی کارکردنی کۆمەڵەکەتان چۆنە؟

فیلیپ دۆلاغبر: ئەو کۆمەڵەیە لەسەربنەمای برایەتی خوێن و هاوسەنگەری دروستمان کردووە، واتە برایەتی و دۆستایەتی یەک تفەنگ لە نێوان دوو نموونەی جەنگاوەراندا لەیەک سەنگەردا لە نێوان پێشمەرگە و سوپای فه‌ڕەنسا، پەیوەندیەکانی نێوان فه‌ڕەنسا و کورد لە ئەمڕۆوە دەستی پێنەکردووە، بەڵکو مێژووییەکی دێرینی هەیە، لە 1920 و لە ساڵانی شەستەکانەوە لەسەردەمی جەنراڵ دیگۆلەوە، لە ساڵی 1991ـه‌وه‌ لەسەردەمی فرانسۆ میتران، و دەرکردنی بڕیاری (688)ەوە، لە هەڵوێستی باشی حکوومەتی فه‌ڕەنسا لە بەرانبەر جینۆسایدکردنی گەلی کوردەوە سەرچاوەی گرتووە، من دەمەوێت لە نێوان پێشمەرگە و سوپای فه‌ڕەنسادا رایەڵەیەک دروست بکەین، و برایەتییەکی بەهێز لە نێوانیاندا هەبێت، نەک تەنیا بە وشە و بە قسە، بەڵکو بە کردەنی  و بە چەک، چونکە ئامانج و ئاوات و دیدمان یەکە، کە کۆدەبێتەوە لە (رزگاری و ئازادی و برایەتی و یەکسانی) کە ئەوانە لە دروشمە بەرزەکانی شۆڕشی فه‌ڕەنسان، هەر بۆیە کە تەماشا دەکەین پێشمەرگەش کە دروست بووە، لەسەر ئەو بنەمایانە دروست بووە، و بۆ ئەو ئامانج و دروشمانە تێکۆشاوە و بەردەوامیشە لە تیكۆشان، هە ربۆیە دەڵێم ئامانج و دروشمەکانمان یەکن. 

کوردستان24: پێکهاتەی کۆمەڵەکەتان چۆنە؟ و ئەندامەکانتان کێن؟ ئایە تەنیا فه‌ڕەنسین یان کورد و فه‌ڕەنسین؟ 

فیلیپ دۆلاغبر: کۆمەڵەکەمان نوێیە، و مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە، وەکو یەکێک لە کۆمەڵە مەدەنییەکانی جەنگاوەران، بە فەرمی دانیپێدانراوە، لە (فیدراسوێۆنی کۆمەڵەکانی 15ـی پاریس) ئەندامە، ئەو فیدراسێۆنە تایبەتە بە جەنگاوەران، ئەنجوومەنێکی کارگێڕیی بۆ دروست دەکەین کە نیوەی ئەندامانی کورد و نیوەی فه‌ڕەنسیی دەبێت، من سەرۆکی ئەنجوومەنەکەم، بەڵام جێگرەکەم کوردە کە (ئەمیر شیلادزێ)ییە، سکرتێری گشتی کۆمەڵەکامان خەباتکارێکی فه‌ڕەنسایی دێرینە، کە ناوی (ئاڕفاغسە)، خانم مەدام (گییۆۆ) بەرپرسی بەشی داراییە، کە دۆستێکی نزیکی سوپای فه‌ڕەنسایە، ئێستا وا خەریکین ئەنجوومەنێکی کارگێڕی پێکدەهێنین کە نیوەیان کورد و نیوەیان فه‌ڕەنسیی دەبن، کۆمەڵەکەمان لەگەڵ سوپای فه‌ڕەنسا و وەزارەتی بەرگری فه‌ڕەنسا راستەوخۆ پەیوەندیمان دەبێت.

کوردستان24: لە فه‌ڕەنسا کام لایەنی پەیوەندیدارە کە مۆڵەت بە کۆمەڵەکان دەدات، و کام لایەنە کە دەسەڵاتیان دەداتێ و دانیان پێدادەنێت و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات؟

فیلیپ دۆلاغبر:  کۆمەڵەکەی ئێمە بە پێی سرووشتی کارەکانی، لە وەزارەتی بەرگری فه‌ڕەنساوە مۆڵەتمان وەرگرتووە، لە 26ـی سێپتەمبەری 2023ەوە، هەموو رێكکارەکانی تەواو بووە و راشمانگەیاندووە.

کوردستان24: پلانی داهاتووی کۆمەڵەکەتان چییە؟ و پێشمەرگە چ کەڵکێک لەو کۆمەڵەیە وەردەگرێت؟ 

فیلیپ دۆلاغبر: وەکو لە دروشمەکەشماندا دیارە ئامانجی کۆمەڵەکە پێشکەشکردنی پشتیوانی و پاڵپشتییە بۆ ئەو پێشمەرگەیانەی هاوشانی سوپای فرەنسا جەنگاون، هەروەها پشتیوانی لەو جەنگاوەرە فه‌ڕەنسیانەش دەکەین کە بەیەکەوە لەیەک سەنگەردا لەگەڵ پێشمەرگەدا جەنگاوون، کۆمەڵەکەمان چارەسەری ئەو پێشمەرگە و جەنگاوەرە فه‌ڕەنسی و کوردانەش دەکات کەلە شەڕەکاندا برینداربوون، هەروەها کۆمەڵەکەمان هەموو ساڵیک لە یادی تاوانی (کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا) رێوڕەسمێک بەڕێوەدەبات، لە بەرانبەر کۆتەڵی (سەربازی ون) لە پاریس بەڕێوەدەچێت، کە پێشمەرگە و جەنگاوەرانی فه‌ڕەنسی و سوپا بەشداری تێدا دەکەن، ئەوەش وەکو رێزێک بۆ ئەو تێکۆشەرانەی کە لە پێناوی فه‌ڕەنسا و کوردستاندا گیانی خۆیان بەختکردوە، ڕێوڕەسمێکی هاوبەشە کە بە سروودی نیشتمانی کوردستان (ئەی رەقیب) و سروودی نیشتمانی فه‌رەنسا (مارسییللی) دەست پێدەکات، نوێنەرانی کورد و فه‌ڕەنسا بەشداری دەکەن و تێیدا هەردوو ئاڵای فرەنسا و کوردستانیش بەرزدەکرێتەوە، رێورەسمەکە لە یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە (16ـی مارس – ئادار)ـی هەموو ساڵیک دەکرێت، هەر بۆ کاری ئەو کۆمەڵەیە ساڵی رابردوو سەردانی کوردستانم کرد هەریەک لە ژەنه‌ڕاڵ (عەزیز وەیس)ی و(بەهجەت تەیمەز سێلکی) و (غازی بابکەیی) لە 26ی سێپتەمبەری 2023ەوە ، کۆبوونەوەمان کرد، ئەوان داوایان کرد مۆنۆمێنتێک بۆ پێشمەرگە کرد.

کوردستان24: بۆدروستکردنی ئەو مۆنۆمێنتە چیتان کردووە؟

فیلیپ دۆلاغبر: دەستمان پێکردووە، بەڵام ئاسان نییە و کاتی پێویستە، مادام ئیمە مۆڵەتی کارکردنمان وەرگرتووە، ئیتر ئەوە ئاسانکارییەکی گەورەیە بۆ ئەنجامدانی هەموو ئیشەکانی دیكه‌مان.

کوردستان24: پلانی داهاتووتان چییە؟

فیلیپ دۆلاغبر: سەرەتا خۆمان تەرخان کردووە لە هەموو ئەو چالاکی و سیمینار و رێوڕەسمانەی کە بۆ کورد و کوردستان و بۆ پیشمەرگە لە فه‌ڕەنسا و لە کوردستان دەکرێن ئامادەییمان هەبێت و هەمانە، خەریکی چالاکی نوێین، لە فه‌ڕەنسا وا کاردەکەین لەسەر پەرەپێدانی ژنانی پێشمەرگە، هەوڵەکانمان ئەوەیە لە فه‌ڕەنسا پێشمەرگە وەکو هێزێکی ئازادیخواز کەبۆ گەلەکەی تێکۆشاوە، بە فه‌ڕەنسییەکان و بە سوپای فه‌ڕەنسا و بە کۆمەڵە سەربازی و جەنگاوەرەییەکانی فه‌ڕەنسا بناسێنین، بەشێوەیەکی فراوانتر لە ئێستا، شەرەفێکی گەورەیە بۆ ئێمە کە لە 16ـی ئاداری داهاتوو بتوانین ژەنه‌ڕاڵێکی پێشمەرگەی ئافرەت بێتە پاریس ولە رێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی ئەو رێورەسمەی کە هەمانە نوێنەرایەتی پێشمەرگەی کوردستان بکات.

کوردستان24:  ئایە کۆمەڵەکەتان لە کوردستان و لە هەولێر ئۆفیسی دەبێت؟

فیلیپ دۆلاغبر: ئەوە بیرۆكه‌یه‌كی زۆر باشە و بیری لێدەکەینەوە، بەتایبەتی شتی باش ئێستا ئەوەیە کە هەولێر و پاریس پەیوەندییەکی پتەوی باشیان هەیە، ئەوە پاڵنەرێکی زۆر باشە بۆ فراوانکردنی کارەکانمان لە داهاتوودا.  

کوردستان24: کۆمەڵەکەتان ئاڕم و ئاڵاو دروشمی هەیە؟

فیلیپ دۆلاغبر: ئێستا خەریکین ئاڵایەک بۆ کۆمەڵە دروست دەکەین، بە زمانی کوردی و بە فه‌ڕەنسی ناوی کۆمەڵەکە و نووسینی لەسەر دەبێت، هێمای کوردی لەسەردەبێت کە (باز و شاهێن)ـەکەی کوردە، و خاچی خۆمان یش هێمای فه‌ڕەنسییەکان دەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەوەی ئاڵاکە هەڵدەگرێت کوردە و بە جلی پێشمەرگەوە ئەو ئاڵایە بەرزەدەکاتەوە . 

کوردستان24:  باشە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیتان چۆنە؟

فیلیپ دۆلاغبر:  بەڵی پەیوەندیمان هەیە و ساڵی رابردوو، (سەربەست لەزگین) جێگری وەزیری پێشمەرگە، سەردانی پاریسی کرد و ئێمەش لەگەڵیدا کۆبووینەوە.

کوردستان24: شێوەی بایەخدانی ئێوە بە پێشمەرگە چۆن دەبێت؟ ئیوە چی دەکەن بۆ دابینکردنی هەندێک پێداویستی گرنگ بۆ پێشمەرگە؟ دەتانەوێت چۆن هاوکاری پێشمەرگە بکەن؟  

فیلیپ دۆلاغبر: ئێمە بایەخی تەواو دەدەین بەهەموو ئەو پێشمەرگانەی کە لەگەڵ سەربازانی فه‌ڕەنسیدا لەیەک سەنگەردا شەڕیان لەگەڵ دوژمنە هاوبەشەکان کردووە، بەڵێ بایەخیان پێدەدەین و بۆ هەموو شتێک لە خزمەتیاندا دەبین.  

کوردستان24: ئایە کۆمەڵەکەی ئێوە تەنیا بایەخ بە پێشمەرگە گەنجەکان دەدات، یاخود بایەخ بە پێشمەرگە دێرین و بەتەمەنەکانیش دەدات؟ 

فیلیپ دۆلاغبر: نەخێر بایەخپێدانی کۆمەڵەکەی ئێمە زیاتر بۆ پێشمەرگە گەنجەکانە، پێشمەرگە بەتەمەنەکان دەبێت ئەزموون   و زانیارییەکانی خۆیان بخەنە خزمەتی  گەنجەکان و بۆ پێشمەرگە گەنجەکان تێبکۆشن، بەنیازین خولی هۆشیاریان بۆ بکەینەوە و دەمانەوێت هاوشێوەی پاریس، لەداهاتوودا  ئەو رێورەسمەی کە لێرە لە یادی 16ـی ئادار بۆ یادی قوربانیان هەڵەبجە و کوردستان دەیکەین، لە هەولێری پایتەختی کوردستانیش بەڕێوەی ببەین و لەوێش خزمەتی پێشمەرگە بکەین، ئەگەر لە هەولێریش هەمان شت بکەین ئەوە شتێکی باشە.

کوردستان24: دواوتەت چییە ؟

له‌ دوا وته‌مدا ده‌ڵێم بژی كورد، بژی كوردستان، بژی پێشمه‌رگه‌ (به‌ ده‌نگێكی به‌رز و به‌ زمانی كوردی ئه‌م دروشمه‌ی گوته‌وه‌).

گفتوگۆساز: نەریمان تاڵیب – ئەلبی – فه‌رەنسا 7-4-2024 

٦٧
٦٧
٦٧