کاردانەوەی جیهان بەرامبەر هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل

K24 - هەولێر

زلهێزەکانی ڕۆژئاوا و ولاتانی عەرەبی هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر ئیسرائیل ئیدانەکە کرد و هۆشدارییان دا کە ئەو هێرشانە هەڕەشەی زیاتر ناسەقامگیری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دروست دەکەن.

عەربستانی سعوودیە: وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، نیگەرانی قووڵی لە پێشهاتەکانی پەرەسەندنی سەربازی لە ناوچەکە و کاردانەوەکانی دەربڕی و داوای لە هەموو "لایەنەکان کرد ئەوپەڕی ئاستی هێمنی و ئارامی بەکاربهێنن، ناوچەکە و هاووڵاتییان لە مەترسییەکانی جەنگ بپارێزن."

وەزارەتەی دەرەوەی سعوودیە دووپاتی کردەوە "پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت بەرامبەر بە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەم ناوچەیە کە لەڕادەبەدەر هەستیارە بەرامبەر بە ئاشتی و ئاسایشی جیهان، هەروەها ڕێگری لە خراپتربوونی ئەو قەیرانە بکرێت کە ئەگەر بێت و لێکەوتەی ڕژدی و فراوانتری هەبێت."

میسر: قاهیرە هۆشداری دا لە "مەترسی فراوانبوونی ململانێکان لە ناوچەکە" و لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە داوای دان بەخۆداگرتنی وڵاتانی کرد و جەختی لەسەر پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ململانێکان کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە".

نەتەوە یەکگرتووەکان: جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنیدا پاڵپشتی "پاراستن"ی ئیسرائیل بکات، لە بەرامبەر هێرشەکەی ئێراندا، دوای ئەوەی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنی ئەنجامدا، بۆ تاوتوێکردنی پەرەسەندنی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بایدن لەسەر پلاتفۆرمی "X" وێنەیەکی کۆبوونەوەی کۆشکی سپی بڵاوکردووەتەوە و گوتی: "تازە لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیم کۆبوومەتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هێرشەکانی ئێران دژی ئیسرائیل پابەندبوونمان پتەوە (لە بەرگریکردن لە) ئاسایشی ئیسرائیل لەڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و بریکارەکانی"

ئادرین واتسۆن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، پشتیوانیی "توندی" بایدن بۆ ئاسایشی ئیسرائیل دووپات کردەوە. لە بەیاننامەیەکدا گوتی: ئەمەریکا لەگەڵ گەلی ئیسرائیل دەوەستێت و پشتیوانیی بەرگریان لێ دەکات، لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران. ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرۆک بایدن بەردەوام زانیاری لەسەر پێشهاتەکانی دۆخەکە پێ دەدرێت".

یه‌كێتی ئه‌وروپا: جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا هێرشەکەی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل "بە توندی ئیدانە دەکات و هەروەها بە "ئاڵۆزییەکی چاوەڕوان نەکراو و مەترسییەکی ڕژدی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە هەیە ناو برد."

بەریتانیا: حکوومەتی بەریتانیا ناردنی فڕۆکەی جەنگی زیادەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند و جەختیشی کردەوە "ئەگەر پێویست بکات" ڕێگری لە هەر هێرشێکی ئاسمانی دەکەن.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند: "چەند فڕۆکەیەکی دیکەی هێزی ئاسمانی شاهانە و یەکەیەکی سووتەمەنی ئاسمانیمان ڕەوانەی ناوچەکە کردووە". لای خۆیەوە ڕیشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، ئیدانەی هێرشی "بێباکانە"ی ئێرانی کرد و جەختی کردەوە، بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە بەرگریی لە ئاسایشی ئیسرائیل.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بە توندی ئیدانەی فراوانبوونی ئەو ململانێیە کرد و گوتی: "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم دان بەخۆیاندا بگرن، لە هەر کارێک کە ڕەنگە ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی گەورە لە چەندین بەرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

فەرەنسا: ستیڤان سیگۆرنێت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکات و دەڵێت: ئەنجامدانی ئەم کردەوەیەی ئێران ئاستەنگێکی نوێ دەخاتە بەردەم وڵاتان و ناچارییان دەکات بە ئامانجی ناسەقامگیری و مەترسی هەڵکشانی سەربازیی بۆ ناوچەکە، ئاماژەی بەوەشکرد کە "فەرەنسا پابەندبوونی خۆی بە ئاسایشی ئیسرائیل دووپات دەکاتەوە و هاودەنگی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی عیبرییە".

ئەڵمانیا: بەرلین هۆشداری دا کە هێرشی ئێران دەتوانێت "تەواوی ناوچەیەک بخاتە ناو ئاژاوەگێڕییەوە" و ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی: "ئێمە بە توندترین شێوە ئەو هێرشەی کە دەتوانێت تەواوی ناوچەیەک بخاتە ناو ئاژاوەگێڕییەوە ئیدانە دەکەین و دەبێت دەستبەجێ بوەستێت، گوتیشی، "بەرلین بە تەواوی لەگەڵ ئیسرائیل وەستاوە".

ئیتاڵیا: ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە.

تایانی لەسەر پلاتفۆرمی "X" نووسیویەتی: "ئێمە بە سەرنج و نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو هێرشانە دەکەین کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن، لەگەڵ جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیران و گویدۆ کرۆسیتۆ، وەزیری بەرگری گفتوگۆم کردووە، کە دەبێت حکوومەت لە ئامادە باشیدابێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر جۆرە سیناریۆیەک".

کەنەدا: جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند، کەنەدا بە تەواوی ئیدانەی هێرشی ئێران دەکات و ڕاشیگەیاند، "هاوسۆزی لەگەڵ ئیسرائیلدایە" و پێی وایە ئەو هێرشە "جارێکی دیکە سووکایەتیی ڕێژیمی ئێران بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا نیشان دەدات".

ئەرجەنتین: خافێر مێلێ، سەرۆکی ئەرجەنتین "هاودەنگی و پابەندبوونی پتەوی خۆی بە دەوڵەتی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی پێکردووە" دەربڕی.

مەکسیک: حکوومەتی مەکسیک ڕایگەیاند کە "زۆر نیگەرانە" لە هێرشەکەی ئێران و تێکچوونی ئەم بارودۆخەی ئێستە هەیە.

چیلی: ئەلبێرتۆ ڤان کلاڤێرن، وەزیری دەرەوەی چیلی "نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی مەترسیداری گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل" دەربڕی.