پارێزگاری دهۆک: بە درێژایی مێژوو هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد دراوە

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

K24 - هەولێر

پارێزگاری دهۆک لە یادی 36 ساڵەی ئەنفال دەڵێت، بە درێژایی مێژوو هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد دراوە. ئاماژە بەوەش دەدات، زۆرینەی قوربانیانی ئەنفال، ژن و منداڵ و کەسانی بەتەمەن بوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-04-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە یادی 36 ساڵەی ئەنفال؛ بەردی بناغەی بۆ مۆزەخانەی "کەلها نەزارکێ"، وەک سیمبۆلی ئەنفالی بادینان دانا و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، زۆرینەی قوربانیانی ئەنفالی بادینان، ژن، منداڵ و کەسانی بەتەمەن بوون.هەروا لە ئەنجامی شاڵاوی ئەنفالدا، دەیان هەزار کەس دەربەدەر کران و ئاوارەبوون.

د. عەلی تەتەر ئەوەشی خستەڕوو، "بە درێژایی مێژوو، هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد دراوە، بەڵام ئەوەی ساڵی 1988 بەرامبەر بە گەلی کوردستان کرا، گەورەترین و دڕەندەترین هەوڵی رژێمی بەعسی لەناوچووی پێشووی عێراق بوو. بەداخەوە ئەو کات، وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەرانبەر ئەم تاوانە گەورەیە بێ دەنگ بوو و هەڵوێستیان نەنواند".

ئەنفال، کە بە جینۆسایدکرانی کورد ناسراوە، پرۆسەیەکی کۆمەڵکوژیی کوردانی باشووری کوردستان بوو لەلایەن ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی پێنجەمین سەرکۆماری عێراق، سەددام حوسێن لە کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق بە هەشت قۆناغ کرا و هێزەکانی فەیلەقی یەک، فەیلەقی پێنجی سوپای عێراق، کەتیبەکانی بەناو بەرگریی نیشتمانیی تێدا بەشداربوون و سەرجەمی هێزەکانیان نزیکەی 200,000 چەکدار دەبوون. لە تەواوی قۆناغەکاندا 182,000 هاووڵاتیی سڤیل بێسەروشوێن کران و زیاتر لە 4500 گوندیش خاپوور و وێران کرا.

قۆناغەکانی ئەنفال:

قۆناغی یەکەم: 9ی شوبات تا وەکوو 23ی شوباتی 1988 بوو لە ناوچەکانی سەرگەڵو و بەرگەڵو سنووری شارۆچکەی سوورداشی سەربە قەزای دوکان لە پارێزگای سلێمانی.

قۆناغی دووەم: 22ی شوبات تا وەکوو 1ی نیسانی 1988 ناوچەکانی قەرەداغی گرتەوە.

قۆناغی سێیەم: 7ی نیسان تا وەکوو 20ی نیسانی 1988 ناوچەکانی گەرمیان لە سنووری پارێزگای کەرکووک و سنووری شارەکانی"خوورماتوو، کەلار، کفری، دەربەندیخان، چەمچەماڵ و چەند شوێنێکی دیکەشی گرتەوە"، ئەم قۆناغە بە بەرفراوانی ئەو ناوچانەی کە گرتییەوە و زۆری قوربانی لە قۆناغەکانی تر جیاکراوەتەوە، ھەربۆیە ساڵیادی ئەو تاوانەش خراوەتە ئەم قۆناغە.

قۆناغی چوارەم: 3ی ئایار تا وەکوو 8ی ئایاری 1988 درێژایی زێی بچووکی گرتەوە هەر لە ئاغجەلەر، گۆپتەپە، عەسکەر، ناوچەکانی شێخ بزێنی، کۆیە، خەلەکان و دوکانی گرتەوە.

قۆناغەکانی پێنجەم، شەشەم و حەوتەم: 15ی ئایاری تا وەکوو 26ی ئابی 1988 ناوچەکانی بالیسان، شەقڵاوە، ھیران، نازەنین، سماقوڵی، دۆڵی ئالان، ڕواندوز، چۆمان، زنجیرە چیای قەندیل، رانیە، چوارقوڕنە، ھیزۆپ، چیای باواجی، بەشێک لە گوندەکانی کۆیە، دیبەگە و پردێ ی گرتەوە.

قۆناغی ھەشتەم: لە  25ی ئاب تا 6ی ئەیلوولی 1988 ناوچەی بادینانی گرتەوە لە ئامێدی، دھۆک، زاخۆ، شێخان، ئاکرێ، بارزان.

لە ساڵی 2007ـەوە حکوومەتیی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا ڕۆژی 14ی نیسانی هەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژی یادکردنەوەی تاوانەکانی ئەنفال.