مۆساد ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆ هێرش کردن دەست نیشان دەکات
K24 - هەولێر
دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل ناسراو بە (مۆساد) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نەخشەیەکی ئێرانی بە دیارکردنی چەند ناوەندێکی هەستیاری ئەو وڵاتە بڵاو کردووەتەوە و دەپرسێت "ئایا ئیسرائیل وەڵام دەداتەوە".
مۆساد لە سەر نەخشەکە، ناوەندە گرنگ و کاریگەرەکانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی دەستنیشان کردووە کە کوورەی ئەتۆمی بووشەهر، بنکەی نیمچە دروستکراوی دارخوین، هەر سێ ناوەندی توێژینەوەی ئەتۆمیی تاران، ئەراک و ئیسفەهانی تێدا دیارکراوە لەگەڵ هەردوو بنکەی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنز و فەردوو.
هەر لەو نەخشەیەدا، هەردوو کانە بەردی یۆرانیۆمیی گچین و سەگەند دەستنیشان کراون کە یەکێكیان لە باشوور و ئەوی دیکەشیان دەکەوێتە ناوەڕاستی ئێران لەگەڵ ئەو ناوەندەی ئەردەخان کە کێکی زەردی تێدا عەمبار کراوە.
لەو پەیامەیدا مۆساد ئەو شوێنانەی لە ئێران دەستنیشان کردووە وەک ئەگەرێک بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە درۆنیی و مووشەکە بالیستییەکانی ئێران کە کردییە سەر ئیسرائیل، بەڵام بەشێکی زۆری هێرشەکان لەلایەن گۆمەزی ئاسنی ئیسرائیل و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا تێکشکێنران، هەر وەک سوپای ئیسرائیلیش بڵاوی کردەوە %99 درۆن و مووشەکانی ئێران خستووەتە خوارەوە کە بەشێکی زۆری لە دەرەوەی ئاسمانی ئیسرائیل بوون.
دوای دوو هەفتە لە هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و کوژرانی حەوت گەورەڕاوێژکاری ئەمنی سوپای پاسداران کە یەکێکیان بەرپرسی فەیلەقی قودس بوو لە سووریا، لوبنان و فەڵەستین بوو، سوپای پاسدارانی ئێران هێرشەکانی وەک تۆڵەکردنەوە کرد، بەڵام تا وەکوو ئێستا ئێران هیچ ئامارێکی لە سەر ژمارەی ئەو مووشەکە بالیستیی و درۆنانە بڵاو نەکردووەتەوە کە ئاراستەی ئیسرائیلی کردوون لەگەڵ ئەو شوێنانەی ئامانجی هێرشەکانی بوون.