هەڵمەتی کوتان دژی سورێژە لە قوتابخانەکان دەست پێدەکات

K24 - هەولیر

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند، هەڵمەتی نیشتمانی کوتان دژی "سورێژە" لە قوتابخانە بنەڕەتییەکان حکوومی و ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی نیسانی 2024، د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەڵمەتەکە کوتان، هەڵمەتێکی گشتگیرە کە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە، دەبێت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.

بەگوتەی ئەو، "هەڵمەتەکە سبەی سێشەممە، 16ـی نیسان دەست پێدەکات و بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، جگە لە ڕۆژانی پشوو."

ئەو گوتیشی: "ئەو هەڵمەتە بە قۆناغ دانراوە ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە لە قوتابخانەکانن، واتە لە یەکی بنەڕەتی تاکو شەشی بنەڕەتی، یانی لە تەمەنی شەش ساڵییەوە تاکو 12 ساڵی هەڵمەتەکە دەیان گرێتەوە."

دلۆڤان محەممەد ئەوەیشی خستە ڕوو، "ئەو پاکتاوکردنەی کە کردوومانە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە 114 هەزار قوتابی دەگرێتەوە لە سنووری هەولێر، لەگەڵ 326 قوتابخانەی حکوومەتی و ناحکوومەتی، هەروەها لەگەڵ 157 تیمی کوتان."

ئەو بەڕێوەبەرە ڕایگەیاند، داواش لەو دایک و باوکانە دەکەین لە کاتی کوتانی منداڵەکانیان، خۆیان لە قوبخانەکان ئامادەبن  بۆ ئەوەی هانی منداڵەکانین بدەن نەترسن و ئەگەر نا بەڕێوەبەر و مامۆستایان ڕۆڵی دایک و باوکان دەبینین، بەڵام باشتر وایە دایک و باوکان خۆیان ئامادەبن.

هەڵمەتی کوتان، ساڵانە، دژی سورێژە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە ڕادەگەیەنرێت بۆ ئەمساڵیش وەزارەتی تەندروستی ئەو هەڵمەتەی ڕاگەیاندووە، کە لە هەزار و 94 تیمی تەندروستی  و لە سێ هەزار و 280 کارمەند و هەزار و 100 سەرپەرشتیار پێکهاتووە، 10 هەزار و 916 سەردان بۆ سێ هەزار و 981 قوتابخانە و باخچەی ساوایان دەگرێتەوە و هەزار و 100 ئۆتۆمبێلیش ئامادەکراون بۆ گواستنەوەی تیمەکان.