برسییەتی هەڕەشە لە 33 ملیۆن سوودانی دەکات

K24 - هەولێر

مارتن گریفیتس، ڕایگەیاند، "ساڵێکی تەواوی شەڕ لە سوودان، بووەتە هۆی ئازارێکی خەیاڵی" هەروەها زیاتر لە 15 هەزار کەس لەم شەڕەدا کوژراون، نزیکەی 25 ملیۆن سوودانی پێویستیان بە هاوکاری و پاراستنیی مرۆیی هەیە. هەروەها هەشت ملیۆن کەسیش ئاوارەی ناوخۆ بوون.

جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و هەماهەنگی یارمەتییە فریاگوزاریەکان، مارتن گریفیتس، بە ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەتی" ڕاگەیاندووە "ساڵێکی تەواوی شەڕ لە سوودان، بووەتە هۆی ئازارێکی خەیاڵی"، گوتیشی: "ئەم ئازارە کە بەهۆی توندوتیژی و برسییەتی و ئاوارەیی و نەخۆشییەوە دروست دەبێت، ئەگەر مەودای سێ بەشیی کارەکە فراوان نەکرێت، خراپتر دەبێت. بەشەکانیش بریتین لە "دیپلۆماسی بۆ وەستاندنی شەڕەکە، گەیشتن بەو کەسانەی پێویستیان بەهاوکارییە، هەروەها پارەدان بۆ پشتگیریکردنی مرۆیی"، هۆشداریشی دا کە ئەم سێ شتە زۆر پێویستن بۆ دوورکەوتنەوە لە کارەسات، ئەوەش لە کاتێکدا ئەم شەڕە پێ دەنێتە ساڵی دووەمی.

بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، تا ئێستا زیاتر لە 15 هەزار کەس لەم شەڕەدا کوژراون، "گرینفیڵد" دەشڵێت: "نزیکەی 25 ملیۆن سوودانی پێویستیان بە هاوکاری و پاراستنیی مرۆیی هەیە و سێ لەسەر چواریان ڕووبەڕووی بەدخۆراکی دەبنەوە"، ئاماژەی بەوەش کردووە، "نزیکەی هەشت ملیۆن کەسیش ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێ بهێڵن، ئەمەش بووەتە گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوونی ناوخۆیی لە جیهاندا".

ئەو پرسە بووەتە هۆی ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی لە کارەساتێکی گەورە لە سوودان بدات، کە ئێستە نموونەی گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوونە لە جیهاندا، هەروەها زیاتر یەک لەسەر سێی دانیشتووان، واتە 18 ملیۆن کەس، ڕووبەڕووی کەمی خۆراک دەبنەوە. "پێنج ملیۆن کەسیش لە لێواری برسییەتیدان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شەڕەکەدا، هەروەها 3.5 ملیۆن منداڵیش بەدەست بەدخۆراکی توندەوە گیرۆدەن.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دا لە "ئەگەری مردنی 230 هەزار منداڵ و ئافرەتیی دووگیان و ئەوانەی تازە منداڵیان بووە، بەهۆی برسییەتیەوە، ئەگەر پارە و یارمەتی بەپەلە بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان کۆ نەکرێتەوە".

جگە لەوەش، نزیکەی 19 ملیۆن منداڵ قوتابخانەکانیان جێهێشتووە، لە هەمان کاتدا چارەکێکی نەخۆشخانەکانی سوودان لەکار کەوتوون، لە کاتێکدا بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان "ئافرەتان و منداڵان زۆرترین قوربانیی ململانێکانن."

لە 15 نیسانی 2023 شەڕی سوودان لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەری هەڵدا، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان هەزار کەس، هەورەها بە ملیۆنان کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.