له‌ كه‌نه‌دا یادی قوربانییانی ئەنفال كرایه‌وه‌

K24 - هەولێر:

بۆ ڕێزگرتن لە یادی قوربانییانی جینۆسایدی ئەنفال، ئاڵای کوردستان لە بەردەم شارەوانیی مارکام له‌ کەنەدا هەڵکرا و کوردانی کەنەدایش داوا دەکەن حکوومەتی عێراقی بچێتە ژێر باری قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان.

ڕۆژی 14ـی نیسانی 2024، له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا کە ماڵی کورد لە تۆرۆینتۆ بە هاوکاریی شارەوانیی مارکام ڕێکیخستبوو بە خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی شەهیدانی کوردستان و سروودی نەتەوایەتیی کەنەدا و کوردستان و هه‌ڵكردنی ئاڵای کوردستان، یادی جینۆسایدی ئه‌نفال كرایه‌وه‌.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا هه‌ر یه‌ك له‌ چەتۆ وانی، سەرۆکی ماڵی کورد بە زمانی ئینگلیزی و سلێمان دڵسۆز، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ماڵی کورد بە زمانی کوردی وتاری ماڵی کوردیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد کە تێیدا وێڕای ئاماژە کردن بەو جینۆسایدانەی تەنیا بە تاوانی کوردبوون لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بە سەر خەڵکی بێتاوانی کورد هاتووە، جەختیان لە سەر ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ پارێزگاری لە خاک و کەرامەتی خۆی کردەوە و دڵنیاییان دا کە سەرەڕای هەر زەبروزەنگ و وەحشیگەرییەک کە دوژمنان دژ بە گەلی كورد نیشانی دەدەن، کوردستانییان لە خەبات بۆ ئازادیی و سەروەریی سیاسی پێداگر و شێلگیرن.

هاوكات چەند کاربەدەستێکی حکوومەتی کەنەدا له‌وانه‌یش بێلی پەنگ، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی ئۆنتاریۆ لە ناوچەی مارکام، یونیەن ڤێڵ، ئەندام پەرلەمانی هەرێمی ئۆنتاریۆ، دەیڤید سمیت، ئەماندە یانگ کۆلۆشی ئەندامانی شارەوانیی مارکام بە نوێنەرایەتیی فرانک سکارپیتی سەرۆکی شارەوانیی مارکام، جونیتا نەیتن، ئەندامێکی دیكه‌ی شارەوانیی مارکام وته‌یان پێشكه‌ش كرد، كه‌ لە وتەکانیاندا وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی و ئاماژەکردن بە قووڵیی ئەو تاوانەی دژ بە گەلی كورد کراوە، جەختیان کردەوە کە هاودەنگ لەگەڵ جڤاکی کوردی دەنگی خۆیان دژی هەر تاوانکارێک دژی کورد هەڵدەبڕن و پشتگیریی ماڵی کورد و جڤاکی کوردی دەکەن.

هه‌روه‌ها ئاماژەیشیان بەوە دا کە بێدەنگنەبوون لەو تاوانانەی دژ بە مرۆڤایەتی دەکرێن، دەتوانێ ڕێگە لە دووباره‌بوونەوەیان بگرێت. هه‌ر له‌و ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا جونیتا نەیتن تابلۆیه‌كی بەرزڕاگرتنی یادەکەی پێشکەش بە دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ماڵی کورد کرد بۆ ئەو خزمەتە مرۆیی و کولتووری و جڤاکییانەی پێشکەش بە کۆمیونیتی کوردیی دەکات.

دواتر تەها سلێمان، نووسەر و لێکۆڵەر، وتاری "کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال"ـێ پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە چەندان بەڵگەنامە بۆ سەلماندنی تاوان و جینۆسایدی ئەنفال و جینۆسایدەکانی دیكه‌ بە دەستەوەن کە حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت بۆ ئەوەی دەوڵەتی عێراق ناچار بكات بە شێوەیەکی فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی کوردستان بکات و ئەرکی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی کوردستانی بکەوێتە ئەستۆ.

لە دوا بەشی ڕێوڕەسمەکەدا هەر یەک لە هونەرمەندان، ڕوژدی تەها و عوسمان میروەیس بە مەقام و لاواندانەوەی بەسۆزی خۆیان یادی قوربانییانی جینۆسایدی ئەنفالیان بەرز ڕاگرت.