عادل باخەوان: پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە

عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لە بارەی عێراق
عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لە بارەی عێراق

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لە بارەی عێراق، رایدەگەیەنێت: بوونی ئەمەریکا لە عێراق گرووپە چەکدارەکان لاواز دەکات، هاوکات دەڵێت: پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە، بۆیە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانیشدایە کە سەردانەکەی سوودانی سەرکەوتوو بێت.

عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لە بارەی عێراق، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هیچ لە ستراتیژی سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا ناگۆڕێت، بەڵکو بەهایەکی زیاتر بە ئامادەبوونی ناوبراو دەدات.

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لە بارەی عێراق، راشیگەیاند، حکومەتەکەی سوودانی بە حکومەتێکی پڕۆ ئێرانی لەسەر ئاستی جیهان لەقەڵەم دەدرێت، هەروەها حکومەتەکەی بایدینیش بە حکومەتی پڕۆ ئیسرائیلی لە قەڵەم دەدرێت.

عادل باخەوان، ئاماژەی بەوەدا، کۆبوونەوەی نێوان سوودانی و بایدن دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێور ناکاتەوە، هەروەها ئەوەی لەم بارودۆخەی ئێستا توانی بانگهێشتکردنی سوودانی بۆ واشنتن فەرز بکات لەسەر ئەمەریکا ئەلینا رۆمانۆوسکی بوو.

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەبارەی عێراق، دەڵێت: ئەگەر ئەمەریکا کەمترین ئامادەیی هەبێت ئەوا حکومی میلیشیاکان لە عێراق بەهێزتر دەبێت، ئەگەریش زۆرترین ئامادەیی هەبێت حکوم و دەسەڵاتی میلیشیاکان لاواز دەبن.

عادل باخەوان گوتی: چەند ئامادەبوونی ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا کاڵ ببێتەوە لە عێراقدا، ئەوەندە پێگەی هەرێمی کوردستان لاوازتر دەبێت لە عێراق و، ئامادەییان زیاتر بێت لە عێراق ئەوا پێگەی هەرێمی کوردستان لە وڵاتەکە بەهێزتر دەبێت.

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لە بارەی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، یەکەم ئامانجی سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا ئەوەیە کە دەیەوێت پاڵپشتی ئەمەریکای هەبێت بۆ ئەوەی لە چوار ساڵی داهاتوو دووبارە ببێتەوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمەریکاش دەیەوێت رێککەوتنێکی دوو قۆڵی لەگەڵ سوودانی واژۆ بکات، رێککەوتنەکە گشتگیرە و هەموو بوارەکان دەگرێتەوە، بە تایبەت دەبێت رێککەوتنەکە گرێنتی بەردەوامی هەژموونی ئەمەریکا لە عێراق بکات.

عادل باخەوان، روونیکردەوە، هیچ کەسێک بەبێ رەزامەندی ئەمەریکا و ئێران ناتوانێت ببێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ناوبراو گوتی: سوودانی خزمەتی ستراتیژییەتی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، لە هەمان کاتدا ئەمەریکاش دەیەوێت بەکارت بهێنێت بۆ ئەوەی خزمەتی خۆێ پێبکات.

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لە بارەی عێراق، دەڵێت: ئەمەریکا گەیشتووەتە ئەو راستییەی کە بەبێ هاوبەشی تاران و واشنتن ناتواندرێت ئیدارەی عێراق بکرێت، هەورەها تا رادەیەکی زۆر لە سوودانی رازییە.

عادل باخەوان، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، هەردوو حکومەتەکەی جۆو بایدن و سوودانی دەیانەوێت ریککەوتننامەی ستراتیژیی نێوانیان کۆتایی پێبێنن و رێککەوتنێکی فروانتر واژۆ بکەن، کە گرێنتی ئامادەیی سەربازی دیپلۆماسی ئەمەریکا لە عێراقدا بکات.

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لە بارەی عێراق، گوتی: پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە، بۆیە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانیشدایە کە سەردانەکەی سوودانی سەرکەوتوو بێت.