شاخەوان عەبدوڵڵا: کار بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکەین

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

شاخەوان عەبدوڵڵا لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆلی خۆشناوەتی دەڵێت، "بەڵێن دەدەین، ئەوەی پێویست بێت بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان بکەین".  ئاماژە بەوەش دەدات، "تاوانی ئەنفال، تاوانێکی هەرە قێوەزنە لە مێژووی عێراقدا". 

ئەمڕۆ سێشەممە، 16-04-2024، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "داوا لە حکوومەتی عێراق و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بەرپرسیاریەتییەکەیان جێبەجێ بکەن و قەرەبووی قوربانیانی ئەنفال و کەسوکاریان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، "دوای زیاتر لە 20 ساڵ، لە رووخانی رژێمی لەناوچوو (بەعس)، ئێمە وەکو حکوومەت، پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە خۆمان بە کەمتەرخەم بەرانبەر بە کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان دەزانین، چونکە نەمانتوانیوە وەکو پێویست قەرەبوویان بکەینەوە".

شاخەوان عەبدوڵڵا  گوتی، "پێمانوایە دەبێت قۆناغی بۆنە و یادکردنەوەی تاوانی ئەنفال بۆ قۆناغی قەرەبووکردنەوەی ڕاستەقینەی کەسوکاری ئەنفالکراوان بگوازرێتەوە. هاوکات کار بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بکرێت و پشکنینی (دی ئێن ئەی) بۆ تەرمەکان بکرێت، بۆ ئەوەی ڕادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە."

بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا ، "تاوانی ئەنفال، تاوانێکی هەرە قێوەزنە لە مێژووی عێراقدا کە دەرهەق بە منداڵ، ژن و هاووڵاتییانی بە تەمەنی کوردا کرا و هەموویان زیندوو بەچاڵ کران. ئەمە یەکێکە لەو تاوانانەی تا ئێستا نەمانتوانیوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە کۆمەڵکوژی بیناسێنین. بەڵێن بە کەسوکاری شەهیدان دەدەین، لەمەودوا وەکو پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق ئەوەی پێویست بێت بۆ قەرەبووکردنەوەیان بکەین".

ئەمڕۆ 16ی نیسان، 37 ساڵ بە سەر یەکەم هێرشی کیمیاویی ڕژێمی بەعس بۆ سەر کوردستان تێدەپەڕێت کە لە دۆڵی خۆشناوەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، ناوچەکانی بالیسان و شێخ وەسان و گوندەکانی دەوروبەری کردە ئامانج، بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی شەهید و بریندار و ئەنفال کران.

ئێوارەی 16ی نیسانی ساڵی 1987 ڕژێمی عێراق ھێرشی کیمیاوی کردە سەر دۆڵی بالیسان و گوندەکانی خۆشناوەتی کە بە یەکەمین هێرشیی کیمیاویی ڕژێمی بەعس بۆ سەر کوردستان هەژمار دەکرێت و بەهۆیەوە دەیان کەس لەژن و پیاو و منداڵ شەھید و برینداربوون.

دوای هێرشە کیمیاوییەکە دەیان هاووڵاتیی لە برینداربووان کە بۆ چارەسەر گەیەندراوبوونە نەخۆشخانەکانی هەولێر لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی بەعسەوە ڕفێندران و ئەنفالکران، تا وەکوو ئێستاش چارەنوسییان نادیارە.

کیمیابارانکردنی دۆڵی خۆشناوەتی ئەم گوندانەی گرتەوە:

- شێخ وەسان

- کانی بەرد

- بێراوە

- شیرە

- خەتێ

- بالیسان

- مەلەکان

- دەڕاش

لە هێرشە کیمیاوییەکە و ئەنفال کردنی بریندارەکاندا263  هاووڵاتیی شەهید و 800 هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

هەر وەک ڕێزلێنانێک بۆ شەهیدان و قوربانیانی کیمیابارانەکەی دۆڵی خۆشاوەتی په‌رله‌مانی کوردستان لە دانیشتنی ڕۆژی 7ی نیسانی ساڵی 2008 بە بڕیاری ژمارە یه‌كی ساڵی 2008، ڕۆژی 16ی نیسانی هەموو ساڵێكی بە ڕۆژی ژینگەی کوردستان دیاری کرد.

ساڵانە لە ساڵیادی کیمیابارانی دۆڵی خۆشناوەتیی و ڕۆژی ژینگەی کوردستان داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت و هاووڵاتییان و چین و توێژه‌كان به‌ چاندنی نه‌مام و چالاكیی دیكه‌ی ژینگه‌پارێزی، رۆژی ژینگه‌ به‌رز ڕاده‌گرن.