سبەی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر دەکرێتەوە

K24 – هەولێر

سێ مانگە خۆی بۆ پێشانگای نێودەوڵەتی ئامادە دەکات، ستار خاوەنی یەکێک لە دەزگاکانی چاپ و بەخشی عێراقە. بەشداری 16یەمین پیشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە ھەولێر دەکات. بە بەرھەمی نوێی چاوەڕوانی خوێنەرانە. بە داشکاندنەکانیشی خوێنەران سەرسام دەکات، هەروەها ئاسانکاریی باشی بۆ کراوە ئەو بەرھەمانەی لێرە نمایشیان دەکات زۆربەی بە زمانی عەرەبیە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16می نیسانی 2024، ستار موحسین، خاوەنی دەزگای چاپ و پەخش بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند،" ئێمە لەسەر خاکی رۆشنبیریی شاری هەولێر خۆمان بۆ پێشانگەی نێودەوڵەتیی ئامادە دەکەین، کۆمەڵێک بابەتی نوێمان بۆ خوێنەرەکانمان ئامادەکردووە بۆ خوێنەری کورد و عەرەب، کۆمەڵێک کەسایەتی  دیار و کاریگەر بەشداری دەکەن و رووبەڕوو خوێنەر دەبینەوە.

گوتیشی: "ماوەی سێ مانگە ئامادەکاریی دەکەین بۆ ئەم پێشانگەیە. دڵنیابن نرخەکانیشمان خوێنەر سەرسام دەکات."

ئامادەکارییەکانی 16مین پیشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر لە قۆناغی کۆتایدایە، پێشانگاکە لە ژێر چاودێری سەرۆک بارزانییە. 17ـی ئەم مانگە دەکرێتەوە و تا 27ـی مانگ بەردەوام دەبێت.

300 دەزگای چاپ و ناوەندی پەخش لە 22 وڵات بەشدارن، یەک ملیۆن و نیو ناونشان نمایش دەکرێن. رۆژانە لە کاتژمێر10ـی بەیانی بۆ 8ـی شەو کراوە دەبێت.

هەروەها پلانەکە بۆ ئەوەیە ئەمساڵ ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکەن، داشکانی تا لەسەدا 50 بۆ کتێبەکان دەکرێت، کرێی گواستنەوەی سەردانیکەرانیش بۆ پێشانگاکە لە 50%یە.

فەرهاد سابیر، ئاماده‌كاری 16مین پێشانگه‌ی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب بە كوردستان24ـی راگه‌یاند، لە ژێرچاودێری سەرۆک بارزانی، هەروەها بە بشداربوونی 22 وڵات، ملێۆنێک و 500 هەزار ناونیشان و زیاتر لە 300 دەزگای بەشداربوو ئەم پێشانگەیە دەکرێتەوە.

ئەو دەڵێت، "50% داشکاندن بۆ کتێبەکان کراوە، چونکە بڕیار دراوە بۆ ئەمساڵ ریكۆرده‌كی نوێ بۆ فرۆشتنی په‌رتووكەکان تۆمار بکەین".

بە چاودێری سه‌رۆك بارزانی، شازده‌هه‌مین پێشانگه‌ی نیودەوڵەتی لە هەولێر بۆ کتێب سبەی دەکرێتەوە و بۆ ماوەی 10 رۆژ به‌رده‌وام دبێت‌ و تێدا یه‌ك ملیۆن و پێنج سه‌د هەزار ناونیشان و300 دەزگای چاپ و بڵاوکردن لە هەرێمی کوردستان و عێراقو بیانی بەشدارن و داشكاندن بۆ په‌رتووکەکان کراوە.