لەسەر ڕووماڵکردنی بابەتەکانی گەندەڵی ڕۆژنامەنووسێک لە کۆلۆمبیا کوژرا

K24 - هەولێر

 بەرپرسانی کۆلۆمبیا ڕایانگەیاند، جەیمی ڤاسکوێز، ڕۆژنامەنووسی کۆڵۆمبی کە کاری لەسەر بابەتەکانی گەندەڵی دەکرد، لە کۆتایی هەفتەدا لە شارێکی نزیک سنووری ڤەنزوێلا تەقەی لێکرا و کوژرا.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە میدیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە بڵاویان کردووەتەوە، چەکدارێک لە شاری کوکوتا لەبەردەم خەڵک دا تەقەی لە ڕۆژنامەنووسە تەمەن 54 ساڵەکە کردووە، سەرچاوەیەکی دادوەریش ڕایگەیاند، تۆمەتبارەکە بە ماتۆڕسکیل هەڵاتووە.

گۆستاڤۆ پیترۆ، سەرۆکی کۆلۆمبیا لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، فەرمانی لێکۆڵینەوەی لە کوشتنی ڤاسکێز دەرکردووە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە، بەم دواییانە تۆمەتەکانی بە ئەنجامدانی گرێبەستی گوماناوی لە شارەوانی شارەکەدا بڵاوکردبووەوە، لەوبارەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو.

ڕێکخراوی "فلیپ" بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری لە کۆڵۆمبیا، کوشتنی ڤاسکوێزی ئیدانە کرد و داوای لێکۆڵینەوەی خێرا و گشتگیری کرد.

 بەپێی ئامارەکانی ئەو ڕێکخراوە، لە ساڵی 2006ەوە، 167 ڕۆژنامەنووس لە کۆڵۆمبیا کوژراون.  تەنها لە ساڵی ڕابردوودا 163 ڕۆژنامەنووس هەڕەشەی کوشتنیان لێ کراوە.

پۆلیس ڕایگەیاندووە، تەنها لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا هەشت کەس جگە لە ڤاسکوێز لە شاری کوکوتا و دەوروبەری کوژراون.  گروپە چەکدارەکان و باندە تاوانکارییە ناوخۆییەکان لەم ناوچەیەدا چالاکن.