845 چەکی قەرەبووی ماددەی 140 گەیشتە پارێزگای کەرکووک

لە سبەیەوە دەست بە دابەش کردنی چەکەکان دەکرێت

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە لە بەغداوە 845 چەکی قەرەبووی ماددەی 140 گەیشتە نووسینگەی کەرکووک و بەرپرسی نووسینگەکەش دەڵێت: لە سبەیەوە دەست بە دابەشکردنی چەکەکان دەکەن و ڕۆژانە 300 خێزان بەڕێ دەکەن.

بەهای ئەو 845 چەکەی گەیشتوونەتە نووسینگەی کەرکووک، هەشت ملیار و 445 ملیۆن دینارە واتە هەر چەکێک بەهای 10 ملیۆن دینارە و جگە لە چەکی قەرەبووی چەند هاووڵاتییەکی تورکمان، تەواوی چەکەکانی دیکەی قەرەبوو هی هاووڵاتییانی کوردە.

لەمبارەوە کاکەڕەش سدیق بەرپرسی نووسینگەی جێبەجێ کردنی ماددەی 140 بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، بەر لە جەژنی ڕەمەزان مامەڵەکانی قەرەبووکردنەوەی 32 و 33 و 34 یان ڕەوانەی بەغدا کردووە بۆ ئەوەی بە گوێرەی پارەی بەردەست پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییان جێبەجێ بکرێت.

گوتیشی: بۆ دابەشکردنی چەکەکان چەند ڕێکار و ڕێنماییەکمان گرتووەتەبەر و لە سبەی چوارشەممەوە دەست دەکەین بە دابەشکردنی چەکەکان و ڕۆژانەش بەهۆی بچووکی شوێنی نووسینگەکە دەتوانین 300 چەک دابەش بکەین، چونکە شوێنی نووسینگەکە ناتوانێت فشاری قەرەباڵغییە زۆر بگرێت.

هەروەها ئاماژەیداوە، پێویستە هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی چەکی قەرەبوو ئەو بەڵگەی پێویستانەی نووسینگەکەی دیاری کردووە لە کاتی سەردان لەگەڵ خۆیان بیهێنن بە تایبەتی کارتی نیشتمانی، جگە لەمەش دەبێت کارتی دەنگدانەکەشی کەرکووک بێت.