ئاگر لە باڵەخانەی مێژوویی بۆرسەی کۆپنهاگن کەوتەوە

ڕووداوی ئگرکەوتنەوە لە باڵەخانەی مێژوویی بۆرسەی کۆپنهاگن
ڕووداوی ئگرکەوتنەوە لە باڵەخانەی مێژوویی بۆرسەی کۆپنهاگن

K24 - هەولێر

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، باڵەخانەی مێژوویی بۆرسەی کۆپنهاگنی کە لە سەدەی حەڤدەهەمدا دروستکراوە ئاگری گرت، بەهۆیەوە تاوەرە بەناوبانگەکەی باڵەخانەکە داڕما.

تیمی فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوەکانی دانیمارک لە شوێنی ڕووداوەکەدان، هەروەها ئەو باڵەخانەیە ژووری بازرگانی دانیمارکیشی تێدایە، لە نزیک پەرلەمانی وڵاتەکەیە.

ئێستە باڵەخانەکەدا لە قۆناغی نۆژەنکردنەوەدایە بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی 400 ساڵەی دروست کردنی.

وەزیری ڕۆشنبیری دانیمارک یاکوب ئەنگێل شمیت، لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: "بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، مەترسییەکی ترسناک کەوتە سەر باڵەخانەی بۆرسەی کۆپنهاگن، کە  400 ساڵە وەکو میراتی فەرهەنگیی دانیمارک ماوەتەوە".

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، تاوەری باڵەخانەکە، کە بەرزییەکەی 54 مەتر بووە و لەناو بڵێسەی ئاگرەکەدا بزر بووە.

پۆلیسی کۆپنهاگن لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی، "بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بۆرسەی کۆن، ئێمە بە شێوەیەکی زۆرباش لە کۆپنهاگن ئامادەین"، ڕوونیشی کردەوە، بەشێکی شارەکەیان بەڕووی هاتووچۆدا داخستووە.

 ژووری بازرگانی دانیمارک دەڵێت "ئێمە لەبەردەم دیمەنێکی ترسناکداین، باڵەخانەی بۆرسە ئاگری گرتووە. داوا لە هەمووان دەکرێت لە ناوچەی دەوروبەری سلۆتسهۆڵمین دووربکەونەوە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی ڕووداوەکەن".

 بۆرسەی کۆپنهاگن بە فەرمانی شا کریستیانی چوارەم لە نێوان ساڵانی 1619 بۆ 1640 دروستکراوە، بەمەش بووەتە یەکێک لە کۆنترین باڵەخانەی شارەکە.