ئاسایشی هەولێر سێ کەسی بە گومانی سووتاندنی بازاڕی لەنگە دەستگیر کرد

سووتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر
سووتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر

K24 - هەولێر

ئاسایشی هەولێر سێ کەسی بە گومانی سووتاندنی بازاڕی لەنگە دەستگیر کرد و ئێستا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16-04-2024، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هێزەکانیان سێ کەسیان بە گومانی سووتاندنی بازاڕی لەنگە دەستگیر کردوون و ئێستا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، "بەم زووانە" ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێن.

ئەمە لە کاتێکدایە، نزیکەی کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ڕۆژی 08-04-2024، بۆ دووەم جار لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا؛ ئاگر لە سێ کۆڵانی بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و لە ئەنجامدا نزیکەی 50 دووکان سووتان.

ئەمە سێیەم جارە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر دەکەوێتەوە، یەکەمجار لە بەرەبەیانی (25ی تشرینی یەکەمی 2018) ئاگرێکی فراوان لە بازاڕەکە کەوتەوە و سەرجەم دوکانەکانی بازاڕەکە سووتان کە ژمارەیان 2400 دوکان بوو.

 دووەم جاریش ئێوارەی سێشەممە (27ـی شوباتی 2024) ئاگر لە بازاڕی لەنگە کەوتەوە و بەهۆیەوە 166 دوکان سووتان و دوو کەسیش بە تۆمەتی ئاگرکەوتنەوەکە دەستگیر کران.