سامان شاڵی: بلینکن بە سوودانی گوتووە دەبێت هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێکی دەستووری بمێنێتەوە

K24- هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی، باس لە کۆبوونەوەی نێوان بلینکن و سوودانی دەکات و دەڵێت، بلینکن جەختی لە سوودانی کردەوە کە هەرێمی کوردستان دەبێت وەکو هەرێمێکی دەستووری بمێنێتەوە.

د. سامان شاڵی، شرۆڤەکاری سیاسی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هیوادارین سوودانی ئەو بەڵێنانەی داوە جێبەجێی بکات، بەڵام ئایا چەند ئەتوانێ بە کردار جێبەجێی بکات، چونکە بەتەنیا نییە و بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە.

شاڵی ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی لە کۆبوونەوەی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باس کراوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە، دەشڵێت: بلینکن بەسوودانی گوتووە، نیەتێک هەیە دەیەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان بچووک بکرێتەوە، وەڵامی سوودانیش ئەوە بووە کە هەوڵی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دراوە. سوودانی ئەوەشی گوتووە مەترسی لەسەر بودجە و مووچە نییە، بەڵکو مەترسییەکە ئەوەیە کە هەڵبژاردن نەکرێت.

شرۆڤەکارەکە باسی لەوەش کرد، کاتێک سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی چووە واشنتن هەموو مەترسییەکانی بۆ ئەنتۆنی بلینکن ڕوونکردبووەوە، بۆیە بلینکن جەختی لە سوودانی کردەوە کە هەرێمی کوردستان دەبێت وەکو هەرێمێکی دەستووری بمێنێتەوە.

شاڵی گوتیشی: لە کۆبوونەوەی نێوان بایدن و سوودانی، سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرێمێکی بەهێز هەبێت، داوای کردووە کیشەکان چارە بکرێت. هەروەها باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمیشی کردووە کە دەبێت هەناردە بکرێت، سوودانیش گوتویەتی ئێمەش ئارەزوی هەناردەکردنی نەوتەکەمان هەیە.

 13ی ئەم مانگە سوودانی، لە سەر بانگهێشت نامەی فەرمیی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بەرەو واشنتن بەڕێ کەوت، شاندێکی حکوومەتیی و پەرلەمان و نوێنەرانیی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت یاوەریی دەکەن.

هەروەها سوودانی بەر لە بەڕێ کەوتنی لە بەغدا ڕایگەیاند بوو، ژمارەیەک وەزیر و پەرلەمانتاران و ڕاوێژکاران، لەگەڵ نوێنەرانی کەرتی تایبەت، لە پیاوانی بازرگان و پیشەسازیی یاوەری دەکەن، دیدارەکانیان یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوبەش هەماهەنگیی دەبێت، بە ئامانجی کاراکردنی ڕێککەوتنی ستراتیجی لە بوارەکانی وزە، دارایی و بانک، گواستنەوە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی سەروەت و سامانی عێراق لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ خوێندنی باڵا و پەرەپێدانی ڕۆشنبیری.